وەزیری دەرەوەی ئێران: بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن ئامادەین

وەزیری دەرەوەی ئێران: بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن ئامادەین
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن، ئامادەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21-2-2021، محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، پەیامی وڵاتەکەی لەبارەی شەڕی یەمەن، بە مارتن گریفیس، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن، گەیاندووە.

محەمەدجەواد زەریف هەروەها رایگەیاندووە، ئێران ئامادەی هاوکارییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی یەمەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وڵاتەکەی نایەوێ دەست بەسەر یەمەندا بگرێت و ئەگەر ئەمریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە لە دژی حوسییەکان رابگرێت، ئەوا ئێرانیش پاڵپشتییەکانی بۆ حوسییەکان رادەگرێت.

ئێران بە ناردی چەک و هاوکاریی دارایی، پاڵپشتیی میلیشیای بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن لە دژی حکوومەتی شەرعیی ئەو وڵاتە، دەکات.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماددی، مەعنەوی و لۆجیستی، هاوکارییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.













باسنيوز


Top