بەریتانیا پرۆژەیەک لەبارەی وڵاتە هەژارەکان دەداتە ئەنجوومەنی ئاسایش

بەریتانیا پرۆژەیەک لەبارەی وڵاتە هەژارەکان دەداتە ئەنجوومەنی ئاسایش


شانشینی بەریتانیای یەکگرتوو پرۆژەیەک لەبارەی پێکوتەی دژەکۆرۆنا دەداتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

ئاژانسی (فرانس پرێس) بڵاوی کردووەتەوە، کە بەریتانیا رۆژی پێنجشەممە 18-2-2021 پرۆژەکەی داوەتە هەر 14 ئەندامەکەی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

بەپێی پرۆژەکە، بەریتانیا داوا دەکات وڵاتانی گەورە و دەوڵەمەند پێکوتەی دژەکۆرۆنا بۆ وڵاتانی هەژار دابین بکەن.

پێشتر دۆمینیک راپ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندبوو، نزیکەی 160 ملیۆن مرۆڤ لە جیهاندا لە ناوچەی ناکۆکی لەسەرەکان و شەڕەکان دەژین و مەترسیی پێنەگەیشتنی پێکوتەی دژکۆرۆنایان لەسەرە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە پێنج وڵاتی هەمیشەیی (ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین و رووسیا) و 10 وڵاتی ناهەمیشەیی، کە دوو ساڵ جارێک دەبنە ئەندام، پێک دێت.

پەتای کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی 2019 لە شاری وهان لە چین سەری هەڵدا و تا ئێستا 111 ملیۆن و 291 هەزار و 735 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی بوونە و لەو ژمارەیەشدا، دوو ملیۆن و 465 هەزار و 543 کەس گیایان لەدەست داوە.




باسنيوز
Top