جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە پارێزگای سنە چەندین پرۆژە دەکاتەوە

جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە پارێزگای سنە چەندین پرۆژە دەکاتەوە
جێگری سەرۆککۆماری ئێران بە مەبەستی کردنەوە و چاودێریکردنی چەندین پرۆژەی بازرگانی و ئاوەدانکردنەوە سەردانی پارێزگای سنە دەکات. لە سەردانەکەیدا دەست بە پرۆژەی رێکخستنەوە و گەشەپێدانی دەروازەی باشماخ دەکرێت و هەروەها ناوچەی تایبەتی ئابووریی بانەیش دەکرێتەوە.

ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لەبارەی بەرنامەی سەردانە یەک رۆژییەکەی ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ پارێزگای سنە رایگەیاند، لە سەردانەکەیدا دەچێتە گوندی هانیسی سنە و 146 کیلۆمەتر رێگەی گوندەکان کە تەواوکراون دەکاتەوە و ژمارەیەک پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە کە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ گوندنشینەکان لەسەر ئاستی پارێزگای سنە دەکرێنەوە.

گرنگترین بەرنامەکانی سەردانەکەی، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، بریتین لە دەستپێکردنی پرۆژی رێکخستنەوە و گەشەپێدانی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخی مەریوان، گەیاندنی بۆریی گاز بە 100 گوند و 150 کارگەی پیشەسازی و وەبەرهێنان، پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی میهر و 20 یاریگەی بچووکی وەرزشی، دوو بۆ چوار هێکتار نەمامگە و کێڵگەی گوڵ و چەندین پرۆژەی کشتوکاڵی.

هەروەها کردنەوەی ناوچەی تایبەتی ئابووریی بانە و دەستکردن بە دروستکردنی یەکە ئابوورییەکانی نێو پرۆژەکە لە بەرنامە گرنگەکانی سەردانەکەی جەهانگیرین بۆ پارێزگای سنە.

پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان، ملیۆنێک و 603 هەزار دانیشتووی هەیە. لە 10 قەزا، 30 شار، 31 بەش، 86 شارۆچکە و هەزار و 677 گوند کە خەڵکیان تێدا نیشتەجێن، پێکهاتووە.
rudaw -
Top