ڤاکسینەکەی ئەسترازێنیکا لە ئەوروپا تووشی کێشە دەبێت

ڤاکسینەکەی ئەسترازێنیکا لە ئەوروپا تووشی کێشە دەبێت
لە چەند بەشێکی وڵاتانی ئەوروپی، بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای ئەسترازێنیکا - ئۆکسفۆرد رادەگیرێت، ئەوەش بەهۆی گومانی هەبوونی کاریگەریی لاوەکیی تووند.

دەرکەوتنی کاریگەریی لاوەکیی وەکو هەستکردن بە ماندووبوون، گەرمەتا و سەرئێشە، دوای وەرگرتنی هەر ڤاکسینێک بە ئاسایی دادەنرێت، چونکە دوای ئەوەی ڤاکسینەکە دەچێتە نێو لەشەوە، سیستەمی بەرگری دەست بە دروستکردنی دژەتەن دەکات.

ئەو کاریگەرییە لاوەکییانەش بەشێوەیەکی گشتی رۆژێک دوای دەرکەوتنیان دیارنامێنن.

بەڵام لە فەرەنسا کە بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینە لە 6ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، کارمەندانی نەخۆشخانەیەک دوای وەرگرتنی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا - ئۆکسفۆرد، نیشانەی تووندتریان لێ دەرکەوتووە، بەجۆرێک کە لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینەکانی دیکەی وەکو فایزەر - بایۆنتێک و مۆدێرنا قورسترن.

بەو هۆیەشەوە بەرپرسانی تەندروستیی فەرەنسا داوایانکردووە بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا - ئۆکسفۆرد کەمبکرێتەوە.

لە دوو هەرێمی سوێدیش بەکارهێنانی ڤاکسینەکە وەستێندرا و لە ئەڵمانیاش بەشێک لە خەڵک رەتیدەکەنەوە بەکاریبهێنن.

گوتەبێژی کۆمپانیای ئەسترازێنیکای سوێدی - بەریتانی دەڵێت، "ئەو کاردانەوانەی ئێستا هەن وەکو ئەوەن کە پێشبینیمان کردبوون، بە پشتبەستن بەو بەڵگانەی لە تاقیکردنەوەکاندا دەستمانکەوتبوون".

هەروەها رەتیشیدەکاتەوە هیچ کاریگەرییەکی تووندی ڤاکسینەکەیان تۆمارکرابێت و ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی ئەو کەسانە دەکەن کە ڤاکسینەکەیان وەردەگرن.
rudaw -
Top