بەڵێنی واشنتن بە وەڵامدانەوەی ھێرشەكەی سەر ھەولێر ره‌وشی ملیشیاكانی عێراق شێواندووە

بەڵێنی واشنتن بە وەڵامدانەوەی ھێرشەكەی سەر ھەولێر ره‌وشی ملیشیاكانی عێراق شێواندووە
بەڵێنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەسزادانی لایەنەكانی بەرپرس لە ئەنجامدانی ھێرشە مووشەكییەكەی سەر ھەولێر، ترسی خستووەتە ناو گرووپە چەكدارەكانی "حەشدی شەعبی".

ھەرچەندە ئەو گرووپانە بێبەری خۆیان راگەیاند لە بەرپرسیارێتی لەو ھێرشە، كەچی بەرپرسان جەختیانكردەوە لەوەی ئەو گرووپانە دەستیانكردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئەمەریكا.

درەنگانی شەوی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەڵینی دا ھەر گرووپێكی بەرپرس بێت لەو ھێرشەی سەر ھەولێر ئەنجامەكەی وەردەگرێتەوە و جەختیشیكردەوە لەوەی لێكۆڵینەوە بەردەوامە بۆ زانینی لایەنی بەرپرسیار لە ھێرشەكە.

بەپێی لێدوانی بەرپرسێكی ئەمنی لە بەغدا بۆ "العربي الجدید"، ھەندێك لە گرووپەكان پێگەكانی خۆیان چۆڵ كردووە، كە مەزندە دەكرێت چەك و تەقەمەنیی تێدا بێت، بۆ خۆپاراستن لە وەڵامی ئەمەریكا بۆ ھێرشەكەی سەر ھەولێر". روونیشیكردەوە، "ھەندێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی، لەوانەش فالح فەیاز و ھادی عامری ھەوڵی ھێوركردنەوەیان داوە بۆ ئەوەی تارمایی ئەگەری گورزوەشاندنی ئەمەریكا لە خۆیان دوور بكەنەوە، كە ناڕەزایەتی خۆیان لە بەردەم سەركردە سیاسییەكانی كورد لە ھەولێر دەربڕی و ئەو كارەیان بە زیادكردنی وێنەی نەرێنی حەشد دانا.

ئەو بەرپرسە ئەمنییە جەختیكردەوە، "لەم روویەوە، ئەو سەركردانە دیدار و پەیوەندییان لەگەڵ سەرۆك كۆمار و حكومەت ئەنجامدا". ئاماژەشیكرد، سەركردەكانی گرووپەكان بەتەمانە كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن، بۆ گرتنەبەری ھەنگاوی خۆپارێزی لە ترسی ئەنجامدانی ھێرشێكی كتوپڕدا لە دژیان لە لایەن واشنتنەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە، كە پەنجەی تۆمەت ئاراستە گرووپەكانی حەشدی شەعبی دەكرێن و گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەحموود محەمەد لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "ئەو ھێرشە كۆمەڵەیەكی لار لەدرەوەی یاسا و خۆ پەنادەر بە حەشدی شەعبی و به‌ توانا ھێز و له‌ ژێر باڵی ئەنجامیانداوە". ھۆشداریشدا لەوەی ئەم كارانە عێراق نوقمی پشێوی زیاتر دەكات".

دەستەی حەشد و سەركردە باڵاكانی گرووپە چەكدارەكان ھەوڵیانداوە خۆی بەدوور پیشانبدات لەو ھێرشە، و ھەوڵیانداوە وا پیشان بدەن كە ئەم كارانە دوورن لە حەشدی شەعبی، كە بەپێی قسەكانی ئەوان دامەزراوەیەكی فەرمییە عێراقییە".

ھەروەھا ھەندێك لایەنی سیاسی سەر بە حەشدی شەعبی ھەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی ئەو ھێرشە بخەنە ئەستۆی "داعش". لەم بارەوە ئەندام پەرلەمانی ھاوپەیمانی فەتح، محەمەد حوسێن ئەبووزەر گوتی: "ھێرشەكەی سەر ھەولێر ھاوشێوەی ئەو ھێرشانەی دیكەیە، كە عێراق دەكەنە ئامانج.

لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی عێراق (واع) گوتی: بەردەوام كەلێنێكی ئەمنی ھەیە، لە میانیدا داعش دێت و دەڕوات، ئەویش ئەو ناوچەیەی سنوورییە نێوان ھێزەكانە و زۆر جار باسی ئەم بابەتانەمان كردووە و ھۆشداریمان لە بارەی داوە".

جەختیشیكردەوە، "پێویستە ھەماھەنگی باش ھەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانە و ھێرشەكه‌ ھەوڵێكە بۆ تێكەڵكردنی پەڕاوەكان و ھەراسانكردنی گشت لایەنەكانی لە وڵات ھەن".
k24 -
Top