دوای زیاتر لە ساڵێک، هاوژینەکەی کیم جۆنگ ئوون بۆ یەکەمجار دەردەکەوێتەوە
میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە وێنەی پێکەوەبوونی، کیم جۆنگ ئوون و ری سۆل جو-ی هاوژینی هاوژینییان لە رۆژی لەدایکبوونی باوکی کیم جۆنگ ئووندا بڵاوکردووەتەوە، کە بە یەکێک لە گەورەترین رۆژانی پشوو لەو وڵاتە دادەنرێت.
وێنەکان رۆژی چوارشەممە 17ی شوبات لەلایەن رۆژنامەی رۆدۆنگ سینمون بڵاوکراونەتەوە، کە رۆژنامەی فەرمیی حیزبی کرێکارانی دەسەڵاتداری کۆریای باکوورە.
ری سۆل جو بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ رێوڕەسمە گرنگەکان لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون دەبینرێت، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە (مانگی 1ی 2020ـەوە) نەبینراوە، دوای ئەوەی بەشداریی لە رێوڕەسمی ساڵی نوێی لونار-دا کردبوو، بەشێکی هۆکارەکەشی بۆ دووگیانبوونی گەڕێندراوەتەوە.
دەزگای هەواڵگریی کۆریای باشوور، ناسراو بە ئێن ئای ئێس، رایگەیاندووە، لەو باوەڕەدان کە ری و کیم سێ منداڵیان هەیە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە زانیاری لەوبارەیەوە کەم و دەگمەنە.
کۆریای باکوور تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنای رانەگەیاندووە، بەڵام هەواڵگریی کۆریای باشوور دەڵێت، ناکرێت ئەو وڵاتە لە ڤایرۆسەکە بەدووربووبێت لەکاتێکدا ئاڵوگۆڕی لەگەڵ چین-دا هەیە، کە بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناودەبرێت.
وەکو لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، لە کۆنسێرتەکەدا کیم و هاوژینەکەی زەردەخەنە لەسەر رووخساریانە و هیچکام لەوانەی لە وێنەکەدا دەرکەوتوون ماسکیان نەپۆشیوە و ئەو دوورییەی کە دەگوترێت بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پێویستە، رەچاو نەکراوە.
rudaw -
