ناتۆ: هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی عێراق ده‌كه‌ین
ستۆلتنبێرگ گوتیشی: رێگه ناده‌ین داعش سه‌رهه‌ڵبداته‌وه و راهێنانی زیاتر به سوپای عێراق ده‌كه‌ین و هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پته‌وتر ده‌كه‌ین بۆ رێگرتن له مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر.
په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی(ناتۆ) پلانی خۆی بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی سه‌ربازی له عێراق هێناوه‌ته‌وه به‌ر باس.
پێشتر به هۆی مه‌ترسی كۆرۆنا و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له باره‌ی ئاسایشی هه‌رێمایه‌تی عێراق له ئارادابوون، ناتۆ ئه‌و پلانه‌ی دواخستبوو.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، وه‌زیرانی به‌رگری ناتۆ ده‌نگیان له‌سه‌ر پلانی زیادكردنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان له عێراق دا.
ئێستا (500) سه‌ربازی ناتۆ له عێراقدان و به گوێره‌ی پلانه‌كه، ژماره‌یان زیاد ده‌كرێت بۆ چوار هه‌زار سه‌رباز.
ئه‌م پلانه‌ی ناتۆ له كاتێكدایه گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و گرووپ و ملیلیشیا شیعییه‌كانی عێراق له په‌ره‌سه‌ندندایه، به تایبه‌تی له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوودا.
دوێنێ ئاژانسی رۆیته‌رز له زاری دیپلۆماتكارانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌وه گواستییه‌وه، ره‌نگه عێراقییه‌كان ئه‌و هه‌ستیارییه‌یان به‌رامبه‌ر به هێزه‌كانیان نه‌بێت، به‌راورد به‌و هه‌ستیارییه‌ی به‌رامبه‌ر به ئه‌مه‌ریكاییه‌كان هه‌یه.
هێزه‌كه پێكهاتووه له سه‌ربازانی به‌ریتانیا، توركیا و دانیمارك، و فه‌رمانده‌یه‌كی دانیماركی سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات.
رائد ئه‌لعه‌زاوی، كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی عێراق و توێژه‌ر له بواری په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، پێی وایه هاتنی هێزه‌كانی ناتۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستیی گرژی نێوان سوپای ئه‌مه‌ریكا و گرووپه چه‌كداره‌كان ده‌بێت.
حه‌مید ره‌زا عه‌زیزی، شاره‌زا له په‌یمانگه‌ی ئه‌ڵمانیی بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌منیی، رایگه‌یاند، ئه‌و بڕیاره‌ی ناتۆ ده‌ریده‌خات، هه‌موو ئه‌و فشارانه‌ی گرووپه چه‌كدارییه‌كان درووستیان كردبوو بۆ ده‌رچوونی بیانییه‌كان شكستیهێناوه.
گوتیشی: واشنتن رۆڵی خۆی له عێراق سنووردار كردووه، به‌ڵام ناتۆ ده‌توانێت ئه‌و بۆشاییه پڕ بكاته‌وه.
له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا گرووپ و میلیشیا چه‌كدارییه‌كانی شیعه، چه‌ندینجار هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر ئامانجه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له عێراق، به تایبه‌تی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا.
رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو له ئاكامی ئه‌و په‌لاماره مووشه‌كییه‌ی كرایه سه‌ر هه‌ولێر، كارمه‌ندێكی مه‌ده‌نی و سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكایی بریندار بوون.
عه‌زاوی، رای وایه داواكاری ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بووه‌ته پاساوێك به ده‌ست گرووپه چه‌كداره‌كانه‌وه بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مه‌ریكا.
گوتیشی: میلیشیاكان ده‌یانه‌وێت ئه‌مه‌ریكا بمێنێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر بیانییه‌كان له عێراق ده‌ربچن، ئه‌وا میلیشیاكان هیچ رۆڵێكیان نامێنێی، له كاتێكدا ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ده‌ستبگرن به‌سه‌ر جومگه‌كانی ده‌وڵه‌تدا.
روونیشیكرده‌وه، میلیشیاكان مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی دژ به داعشیان قۆستووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی درووشمی چه‌واشه‌كارانه به‌رز بكه‌نه‌وه و خۆیان وه‌ك گرووپی به‌ره‌نگاری بناسێنن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، فراوانكردنی ئه‌رك و رۆڵی ناتۆ له عێراق، هیچ شتێك له باره‌ی تاكتیكه‌كانی ئێران و میلیشیا عێراقییه‌كانی هاوسۆزی ناگۆڕێت.
ئه‌ركی ناتۆ
سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ، داوای كردبوو، ناتۆ، رۆڵێكی گه‌وره‌تر و كاریگه‌رتر له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگێڕێت.
ئه‌و پلانه‌ی ناتۆ داینابوو بۆ فراوانكردنی رۆڵه‌كه‌ی له عێراق و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به هۆی كوژرانی "قاسم سوله‌یمانی" له (3ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2020) و سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆرۆنا دواكه‌وت.
ئێستا سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی مه‌ترسییه‌كانی كۆرۆنا و په‌ره‌سه‌ندنی گرژییه‌كان، ناتۆ ده‌یه‌وێت رۆڵێكی زیاتر له عێراق بگێڕێت.
حه‌مید ره‌زا عه‌زیزی، پێی وایه هۆكاری ئه‌و بهخۆكهوتنهی ناتۆ بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانیان چاك بكه‌نه‌وه، كه له سه‌رده‌می تره‌مپدا زیانیان به‌ركه‌وتبوو.
گوتیشی: له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه جارێكی دیكه ئه‌وروپا رۆڵێكی گه‌وره‌تر و كاریگه‌رتر له رێی ناتۆوه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گێڕێت.
عه‌زیزی رای وایه، هۆكارێكی دیكه‌ی به خۆكهوتنهكهی ناتۆ بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، خۆرئاواییه‌كان نیگه‌رانن له په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژموونی ئێران و نایانه‌وێت به ته‌واوه‌تی به‌رامبه‌ر به هه‌ژموونی ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی پاشه‌كشێ بكه‌ن.
له مانگی (تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2018)ه‌وه، ناتۆ ئه‌ركی خۆی له عێراق له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆره و شه‌ڕه‌وه گۆڕیوه بۆ "راهێنان و راوێژكاری" و هاوكاری دامه‌زراوه ئه‌منیی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق ده‌كات.
له چوارچێوه‌ی پلانی فراوانكردنی رۆڵه‌كه‌یدا، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ناتۆ به‌شێك له ئه‌ركی راهێنانی سوپای عێراق بگرێته ئه‌ستۆ، كه پێشتر ئه‌مه‌ریكا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش له ئه‌ستۆی گرتبوو.
رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، سكرتێری گشتیی ناتۆ، ینس ستۆڵتنبێرگ" پێشبینی كردبوو، وه‌زیرانی به‌رگری هاوپه‌یمانییه‌كه رازی بن له‌سه‌ر فراوانكردنی رۆڵی ناتۆ له عێراق و رێگه بده‌ن سه‌ربازی زیاتر ره‌وانه‌ی عێراق بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی به پله‌به‌ندی ئه‌ركی راهێنان و مه‌شق به سوپای عێراق فراوانتر بكه‌ن.
k24 -
