گوتەبێژی سکرتێریی گشتیی UN: هێرشەکەی سەر هەولێر هەڕەشەیە بۆسەر سەقامگیریی عێراق

گوتەبێژی سکرتێریی گشتیی UN: هێرشەکەی سەر هەولێر هەڕەشەیە بۆسەر سەقامگیریی عێراق
لەسەر ئاستی جیهان هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بەشێوەیەکی فراوان ئیدانە کرا؛ تەنانەت نوێنەری چینیش لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێدەنگ نەبوو و ئیدانەی کرد.

گێنگ شوانگ، جێگری باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "چین ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات کە لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر روویدا و دژایەتیی هەر چالاکییەک دەکات کە گرژی دروستبکات لە عێراق".

یەکەم خاڵی راپۆرتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربارەی هێرشەکەی سەر هەولێر بوو وەکو ئاماژەیەکی دیپلۆماسی بۆ ترسی نێودەوڵەتی لە دەرئەنجامەکانی ئەو هێرشە.

لە کۆشکی سپییەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کاردانەوە و ئیدانەی فراوان بۆ هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر هەبوو. ئەمەش رەنگدانەوەی تێگەیشتنی نێودەوڵەتییە لە گرنگیی ستراتیژیای هەولێر وەکو پایتەختی کیانێکی سیاسی کە هەرچەندە دەوڵەت نییە، بەڵام کاریگەریی راستەوخۆی هەیە بەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە. جگە لە بوونی هێزەکانی ئەمریکا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هێشتا هەرێمی کوردستان و پایتەختەکەی بە فاکتەری سەقامگیری دەبینرێت لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە دژی ئاژاوەی هاوشێوەی سەردەمی داعش.

لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو وڵاتانی رۆژئاوایی هێرشەکەیان لە چوارچێوەی گرژیی هەرێمی و رۆڵی دراوسێکانی عێراق باسدەکرد، نوێنەری رووسیا وەکو هێرشێکی دیکەی تیرۆریستی ئاسایی باسیکرد.

ڤاسلی نابینزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "دۆخی ئەمنیی عێراق هێشتا شلۆقە، لەوانەش چالاکییەکانی گرووپە تیرۆرستییەکان. نموونەی جێگەی خەم دوو تەقینەوەکەی ئەم دواییەی بەغدا بوون کە 32 کەسی سڤیل بوونە قوربانی، هەروەها هێرشە تیرۆریستییەکەی دوێنێی هەولێریش".

بەڵام گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەقامگیریی عێراقی خستە ئەستۆی لایەنە عێراقییەکان، هەروەها ئەو وڵاتانەی هەژموونیان لە عێراق هەیە.

ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "سکرتێری گشتی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات. ئەم هێرشانە هەڕەشەن لەسەر سەقامگیریی عێراقیش. گرنگە هەموو هێزە عێراقییەکان کار بۆ سەقامگیریی وڵاتەکەی خۆیان بکەن و ئەو وڵاتانەی ئەندام کە هەژموونیان هەیە لە عێراق پێویستە هەمان شت ئەنجامبدەن".

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، پێکەوە لێکۆڵینەوە بکەن بۆ گەیشتن بە هەموو راستییەکانی پشت هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر.
rudaw -
Top