ئیدارەی نوێی كۆشكی سپی ستراتیجییەتی خۆی لە عێراق ئاشكرا دەكات

ئیدارەی نوێی كۆشكی سپی ستراتیجییەتی خۆی لە عێراق ئاشكرا دەكات
ئیدارەی نوێی كۆشكی سپی، ئەو سیما ھاوبەشانەی ستراتیجیی كە دەیەوێت بە عێراقی ببەستێتەوە، ئاشكرایكرد، جەختیكردەوە، كارە بەراییەكانی عێراقێكی سەقامگیر و دیموكراتییە، كە كۆنترۆڵی ملیشیاكان بكات و رێگری لە سەرھەڵدانەوەی رێكخراوی داعش بكات لە وڵاتدا.

تۆری Voice of America روونیكردەوە، ئیدارەی جۆ بایدن پێشتر رایگەیاندووە، چاوخشاندنەوە بە بڕیاری سەرۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپ دەكاتەوە لە بارەی كشانەوە زیاترین ژمارە كە بكرێت لە ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

تۆڕەكە لە زاری باڵیۆزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا، "ریچارد میلز"ی گواستووەتەوە، كە لە میانی ڤیدیۆ كۆنفرانسی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەی عێراق رۆژی سێشەممە گوتوویەتی: "ویلایەتە یەكگرتووەكان وەك ھاوبەشێكی نەگۆڕ و متمانەپێكراو بۆ عێراق و گەلی عێراق دەمێنێتەوە".

گوتیشی: وڵاتەكەی ھەوڵدەدات ھاریكاری عێراق بكات بۆ سەپاندنی سەروەری خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی دوژمنە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی، بەڕێگای رێگرتن لە سەرھەڵدانەوەی داعش و كاركردن لە پێناو عێراق زیاتر سەقامگیر.

ئاماژەشیكرد، ئیدارەی نوێ پشتیوانی لە ھەوڵەكانی چاكسازی ئابووری و لەناوبردنی گەندەڵی لە عێراق دەكات و بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی ھاریكارییە مرۆڤاتییەكان.

جەختیشیكردەوە، لەوەی واشنتن پشتیوانی لە ھەوڵەكانی كۆنترۆڵكردنی میلیشیاكان و چالاكییە سەقامگیری ھەژێنەكانی ئێران دەكات لەگەڵ دەستبەركردنی راوێژ و پشتیوانی بۆ ھێزەكانی سەر بە حكومەتی عێراق بۆ لە ناوبردنی تیرۆر.

سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی مێڵز روونیكردەوە، سەقامگیری پێویستیی بە ھەڵبژاردنێكی نیشتیمانی متمانەپێكراو و راستەقینەیە، كە بڕیارە لە تشرینی یەكەمی داھاتوودا ئەنجام بدرێت.

جەختیشیكردەوە، لەوەی ئەمەریكا پشتیوانی لە چاودێریكردنێكی نێودەوڵەتی بۆ ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات لە پێناو دابینكردنی ئازادی و پاكی و متمانەی ھەڵبژاردنەكان.

ئاماژەشیكرد، وڵاتەكەی چاوی بڕیوەتە ھاریكاری لەگەڵ عێراق، ئەنجوومەنی ئاسایش، دەوڵەتانی ئەندام و نەتەوەیەكگرتووەكان لە پێناو دەستنیشانكردنی باشترین شێوەی، كە پێویستە ئەو ھەوڵانە بگرێتە خۆی.

تۆڕه‌كە روونیكردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، 9.7 ملیۆن دۆلاری پێشكەش بە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یونامی) كردووە لە پێناو ئامادەكاری ھەڵبژاردنەكان.

مێڵز داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراقی كرد، پلان داڕێژن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی توندی ئەمنی بۆ ھەڵبژاردنەكان و گوتی: "سەرھەڵدانی میلیشیا چەكدارەكان و توندڕەوانی توندوتیژ و وێرانكاران یەكێكە لە بەربەستە ھەرە مەترسیدارەكانی بەردەم دابینكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ ھەڵبژاردنەكان".

ئەو تۆڕە راگەیاندنەی ئەمەریكا لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەیكردووە، لەوەتەی جۆ بایدن بەرپرسیارییەتی سەرۆكایەتی ئەمەریكای گرتووەتە ئەستۆ، تەنانەت بۆ یەك جاریش باسی عێراقی نەكردووە، تەنانەت كە باسی "گەڕانەوەی ئەمەریكا"ی كرد بۆ سەر شانۆی نێودەوڵەتی باسی عێراق نەكرد، بەڵام ئەم فەرامۆشكردنە بۆ دیارترین شەڕە بێ كۆتاییەكانی واشنتن ناكرێت بەردەوام بێت، ئەمەش ھۆكارەكانە.

ئاماژەشیكرد، بایدن قورسایی ئیدارەكەی خستووەتە سەر ئامانجێكی راگەیاندراو، ئەویش كۆتاییھێنانە بە شەڕی شەش ساڵەی بەردەوامی یەمەن. چەند بڕیارێكیشی لەم بارەوە دا، لەوانەش راگرتنی پشتیوانی ئەمەریكا بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ھاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعوودیە و رەتكردنەوەی پۆلینكردنی حوسییەكان وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی، كە كۆمەڵەی حوسییەكان بەزیادكردنی كردەوە سەربازییەكانیان لە ناوەوە و دەرەوەی یەمەن و بەدەستنیشانكراویش لە سعوودیە پێشوازییان لێكرد.

بایدن چەندین جار باسی لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانی كرد و جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە یەكەم جار تاران پابەند بێت بەگەڕانەوە بۆ پابەندییەكانی، بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە ساڵی 2015 واژووكراوە، پێش ئەوەی سزا ئەمەریكاییەكانی سەپێنراو لە لایەن سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، دوای ئەوەی لە رێككەوتنەكە كشایەوە، لەسەر ئێران ھەڵبگیرێت. ھێشتا یاری "پەنجە گەزین" لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان بەردەوامە، ھەردوو لا دەیانەوێت رێككەوتنی ئەتۆمی زیندوو بكەنەوە، بەڵام كێ یەكەم جار ملكەچ دەبێت، ئەمە كاكڵی ململانێیەكەی ئێستایان.

ھەرچەندە لە 2003وە عێراق، یەكێكە لە دیارترین خاڵەكانی ململانێی كراوە لە نێوان تاران و واشنتندا، جێگای سەرنجە، كە تاكو ئێستا بۆ یەك جاریش لە لایەن سەرۆكی ئەمەریكا ناوی عێراق نه‌یه‌ت لە ناو گوتارەكانیدا لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ئەمەش بووە جێگای رەخنەی ناوخۆی و دەرەكی و رێگای كردەوە بۆ راڤه‌كردن و شیكردنەوەی جیاجیا لەبارەی ھۆكارەكانی ئەم فەرامۆشكردنە.

سەرچاوە: شەفەق نیوز
k24 -
Top