بایدن: "بێزاربووم لە قسەكردن" لەسەر ترەمپ

بایدن:
سەرۆكی نوێی ئەمەریكا، جۆ بایدن لە میانی دیدارێكیدا لەگەڵ تۆڕی "سی ئێن ئێن" جەختیكردەوە لەوەی "بێزار بووە لە باسكردنی" سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ.

كاتێك پرسیاری لێكرا لەبارەی بێ تاوان دەرچوونی ترەمپ لە میانی ئەو دادگاییكردنەی دوایی، كە ئەنجوومەنی پیران ئەنجامی دا بۆ دوورەپەرێزكردنی سەرۆكی پێشوو، بایدن گوتی: "لە ماوەی چوار ساڵدا ھەرچی لە ھەواڵەكاند ھەبوو، ھەر ترەمپ بوو.. لە چوار ساڵی داھاتوودا دەمەوێت جەخت بكەمەوە ھەموو ھەواڵەكان پەیوەست بێت بە گەلی ئەمەریكا.. بێزار بووم لە باسكردنی ترەمپ".

بایدن پێشتر خۆی دوور دەخست لە ناوھێنانی ترەمپ و ھەر بە "پیاوی پێشوو" ناوی دەبرد.

پێگەی "THE HILL" رایگەیاند، بایدن ھێشتا ناوە ناوە شێوەی مامەڵكردنی ترەمپ لەگەڵ پەتای كۆرۆنا بەكاردەھێنێت بۆ بەرگریكردن لەو تەگەرانەی لە بەردەم ئیدارەكەی ھەیە لە ئیدارەدانی پێكوتە لەسەر ئاستی نیشتیمانی.

سەرۆكی نوێی ئەمەریكا ئاماژەیكرد، ئەو "حاڵەتەی" بە میرات بۆ ماوەتەوە، چونكە "ئەو ژمارەی پێویست لە كەسان لەو شوێنە نەبوون بۆ پێدانی پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ھەروەھا "ئاراستەیەكی كەمی فیدراڵی ھەبوو لەسەر چۆنییەتی ھاوردەكردنی پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و كوتانی ئەمەریكاییەكان".
k24 -
Top