هێرشەکەی هەولێر.. ئەمریکا دەڵێت مافی هەیە لە کات و شوێنی خۆیدا وەڵام بداتەوە

هێرشەکەی هەولێر.. ئەمریکا دەڵێت مافی هەیە لە کات و شوێنی خۆیدا وەڵام بداتەوە
کۆشکی سپی رایگەیاند، مافی هەیە لە کات و شوێنی خۆیدا وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە کە شەوی رابردوو کرایە سەر هەولێر.

جێن ساکی، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی رۆژی سێشەممە 16ی شووباتی 2021 رایگەیاند، ئەمریکا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق کاردەکات بۆئەوەی بە وردی لایەنی بەرپرسیار دیاریبکەن کە مووشەکەکانیان ئاراستەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردووە، دەشڵێت، ئەوە کاری لەپێشینەیانە.

سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێمە زۆر تووڕەین لەو هێرشە مووشەکییەی شەوی رابردوو لە هەرێمی کوردستانی عێراق".

هاوکات ساکی ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە "بۆئەوەی هاوکاری پێشکێش بکات کە هاوکاربێت لە بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسبوون لەم هێرشە، بەڵام هێشتا لایەنی بەرپرسیارمان بۆ دەستنیشان نەکراوە".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەمریکا بیر لە تۆڵەسەندنەوە دەکاتەوە لە بکەرانی ئەو کارە، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گوتی، وڵاتەکەی مافی وەڵامدانەوەی هەیە لە کات و شوێنی دیاریکراودا، "بەڵام چاوەڕێین یەکەمجار لایەنی بەرپرسیار دیاریبکرێت". هەروەها باسی لەوەش کرد، دیپلۆماسییەت کاری لەپێشینەی ئەمریکایە.

شەوی دووشەممە 15ی شووباتی 2021 کاژێر 21:30 چەند مووشەکێک لە چەند شوێنێکی جیاوازی هەولێر کەوتنەخوارەوە. یەکێک لە مووشەکەکانیش لە شەقامی 40 مەتری کەوتووەتە خوارەوە.

گرووپێکی میلیشیا بەناوی "سەرایای ئەولیای دەم" بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە مووشەكییە راگەیاند كە شەوی رابردوو هەولێری كردە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییەکان، "سەرایا ئەولیای دەم" چەند مانگێکە دامەزراوە و خۆی بە گرووپێکی چەکداریی دژبەری ئەمریکا لە عێراق ناودەبات، هاوکات چاودێران بە پاشکۆی حیزبوڵڵای عێراقی ناودەبەن.

شێوازی هێرشەکانی ئەم گرووپە، کە لە ماوەی رابردوودا چەندینجار هێز و کاروانەکانی گەیاندنی هاوکاریی لۆجستی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووەتە ئامانج، لەگەڵ گوتار و راگەیێندراوەکانی زۆر لە شێوازی هێرش و گوتاری ئەو گرووپە چەکدارانە دەچێت، کە بە هاوپەیمانی ئێران لە عێراق ناودەبرێن.

لە نوێترین راگەیێندراویشیدا، ئەو گرووپەی بانگەشەی ئەوە دەکات کە مووشەکبارانی هەولێری کردووە، راگەیێندراوێکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە و هۆشداریی ئەوە دەدات کە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هەولێر مووشەکیان هەڵگرتووە و هەرکاتێک ویستیان دەتوانن بەکاریبهێنن.

بەپێی راگەیێندراوی گرووپەکە کە ناویان "سەرایا ئەولیای دەم"ە، ئەوان دەیانتوانی و دەشتوانن فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بکەنە ئامانج، بەڵام دەڵێن ئەوان "دۆستی خەڵکی هەرێمی کوردستانن"، بۆیە خەڵکی مەدەنی ناکەنە ئامانج. دەشڵێن، ئەوان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئوتێل و شەقامەکانی هەولێر بوونیان هەیە، دەتوانن کردەی سەربازی ئەنجامبدەن، بەڵام ئەو کارە ناکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەشێک لە قوربانییەکانی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو هاووڵاتیی مەدەنی بوون و بەشێک لە مووشەکەکانیش لە شوێنی نیشتەجێبوون کەوتوونەتەوە.
rudaw -
Top