فەرەنسا: شانبەشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دانیشتووانی هەولێر دەوەستین

فەرەنسا: شانبەشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دانیشتووانی هەولێر دەوەستین
فەرەنسا بەتووندترین شێوە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکات ورایدەگەیەنێت شانبەشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دانیشتووانی هەولێر دەوەستێت.

وەزارەتی ئەوروپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنسا ئەمڕۆ (سێشەممە، 16ـی شوبات/ فێبرایەرـی 2021) بەیاننامەیەکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی هەولێر بڵاوکردەوە، کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی زیاتر لە هەشت کەس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و گەڕەکەکانی دەوروبەری.

لە بەیاننامەکەی کاروباری دەرەوەی فەرەنسادا هاتووە "فەرەنسا بە تووندترین شێوە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی هەولێر ئیدانە دەکات، کە بووە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێک کە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کاردەکات، هەروەها بووە هۆی برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە".

وەزارەتە فەرەنسییەکە سەرەخۆشی لە کەسوکاری کوژراوەکە دەکات و هیوای چاکبوونەوەیەکی خێرا بۆ برینداران دەخوازێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە "(فەرەنسا) دڵنیایی دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دانیشتووانی هەولێر، هاوپەیمانانی ئەمەریکی و هەموو هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە شانبەشانیان دەوەستین لەدژی ئەو هێرشە و پابەندین بە پاراستنی ئاسایشی هەموو عێراقییەکان".

فەرەنسا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاندەدات "بەیەکەوە هەماهەنگ بن بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی هەموو عێراقییەکان، هەروەها تاوانبارانی ئەو هێرشە دیاریبکەن".
k24 -
Top