ئەردۆغان لەبارەی کوژرانی 13 سەرباز و پۆلیسەکە: نەمانتوانی سەرکەوتوو بین

ئەردۆغان لەبارەی کوژرانی 13 سەرباز و پۆلیسەکە: نەمانتوانی سەرکەوتوو بین
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بەشێکی گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا لەبارەی کوژرانی 13 سەرباز و پۆلیسە بەدیلگیراوەکەی لای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەو رێکخراوەی تۆمەتبارکرد و گوتی هەموو ئەو کەسانەی لە عێراق و سووریا پشتیوانی ئەو رێکخراوەن، دەستیان لە خوێنی ئەو 13 کەسەدا هەیە.

هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند لەدوای کۆمەڵکوژییەکەی گارە ئیدی هیچ وڵات، دامەزراوە، پێکهاتە و کەسێک ناتوانێت ئۆپەراسیۆنەکانیان لە عێراق و سووریا بخاتە ژێر لێپرسینەوەوە.

ئەردۆغان لەنێوبردنی پەکەکەی بە قەرزی سەر تورکیا ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە "قەندیل، شنگال و سووریا بۆ پەکەکە شوێنی ئارام نین، چونکە هەر کاتێک سوپای تورکیا بیەوێت دەتوانێت شەوێک لەناکاو بچێتە ئەوێ."

هاوکات گوتیشی: "لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق لە بابەتی لەنێوبردنی یەکجارەکیی پەکەکەدا هاوڕاین."

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چڕنوکی هەڵۆ-2 لە چیای گارە کە کاژێر 02:55 خولەکی 10ی شووباتی 2021 دەستی پێکرد، 3 سەربازی تورکیا کوژراون و 3ی دیکەش بریندارن. هەروەها بێجگە لەو 48 گەریلایەی کوژراون، دووانی دیکە بەزیندوویی دەستگیرکراون.

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 14ی شووباتی2021 لەگەڵ یاشار گولەر، سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازی سەردانی ناوەندی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی چڕنوکی هەڵۆ-2یان لە پارێزگای شرناخ لەسەر سنوور کرد. وەزیری بەرگریی تورکیا کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، ئۆپەراسیۆنێكی زۆر تایبەتیان کردووە.

هەروەها رۆژی یەکشەممە 14ی شوباتی 2021 راگەیێندراوێک بە ناوی فەرماندەیی ناوەندی بەرگریی گەل سەر بە هەپەگە بڵاوکرایەوە کە تێیدا تورکیا تۆمەتبار دەکات بە هەوڵدان بۆ کوشتنی سەربازە دیلەکانی لە چیای گارە.

لە راگەیێندراوەکەدا ناوەندی بەرگریی گەل ئاماژەی بەوە داوە، دەوڵەتی تورکیا "لە ئاسمان و زەوییەوە بۆ لەناوبردنی دیلەکانی شەڕ لە چیای گارە هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەمپەی سەربازە دیلەکانی تورکیای لێ دەمانەوە".

فەرماندەیی ناوەندی بەرگری گەل دەڵێ، "ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کەمپی سەربازە دیلەکان بە هیچ شێوەیەک بۆ رزگارکردنی دیلەکان نەبووە، بە پێچەوانەوە بۆ لە ناوبردنی دیلەکان بووە".

نەپەگە لە راگەیەندراوەکەیدا تورکیا بە چەواشەکاری و شاردنەوەی راستییەکان تۆمەتبار دەکات و رایدەگەیێنێت: "تورکیا هەوڵ دەدات شکستەکانی خۆی بشارێتەوە و پەکەکە تاوانبار دەکات کە دیلەکانی کوشتووە، بەڵام هەموو کەس باش دەزانێت کە بە ساڵانێکی دوور و درێژە تاکو ئێستا بە شێوەیەکی مرۆیی لەگەڵ دیلەکانی شەڕدا مامەڵەمان کردوە و وێڕای هێرش و بۆردوومانە چڕەکانی سوپای تورکیاش لە شوێنی پارێزراودا دیلەکانمان رادەگرت".
rudaw -
Top