سوپای ئیسرائیل دیمەشق بۆمباران دەکات
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆردومان دەکەن.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی (سانا)ی رژێمی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر 1:18 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 15-2-2021، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی جۆڵانەوە چەندین مووشەکیان ئاراستەی چەند ئامانجێکی دەوروبەری دیمەشق کرد.
سانا هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، کە سیستەمی بەرگریی سوپای رژێمی سووریا ”سەرجەم“ مووشەکەکانی لە ئاسمانەوە تێکشکاندوون.
ماڵپەڕی (سکای نیوز) لە زاری خەڵکی باشووری دیمەشق بڵاوی کردووەتەوە، کە دوای بۆردومانەکە، گوێبیستی دەنگی تەقینەوە بوون لە بنکە و بارەگاکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
ئێران لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کە لە مانگی ئاداری 2011 دەستی پێکردووە، لە دژی گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە ناردنی چەک و چەکدار پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکات و بەرپرسانی ئیسرائیلیش بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە رێگا نادەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیک ببنەوە.
باسنيوز
