موقتەدا سەدر داوا دەكات پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا بكرێتە زۆرەملێ
سەدر لە تویتێكدا نووسیویەتی "پێویستە حكوومەت بە ئەركی خۆی هەڵبستێت لە بەرانبەر هاووڵاتییاندا و لە پێدانی ڤاكسینی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناشدا، جیاوازی لە نێوان هاووڵاتییان و سیاسییەكاندا نەكات".
سەدر داوای كردووە حكوومەت زوو بە هانای ناوچە دوورە شارەكانەوە بچێت و ڤاكسینی دژە پەتای كۆرۆنایان بۆ دابین بكات، چونكە بە گوتەی ئەو، خەڵكی دەرەوەی شارەكان زیاتر ڕووبەڕووی مەترسیی تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا دەبنەوە.
موقتەدا سەدر هەروەها ئامۆژگاری حكوومەتی كردووە بەوەی پێدانی ڤاكسینەكە بكرێتە نیمچە زۆرەملێی و كارتێكیش بەو كەسانە بدرێت كە ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە.
ڕێبەری سەدرییەكان لە كۆتاییشدا داوای كردووە ئەم پرۆسەی دابەشكردنی ڤاكسینە لە دەستی گەندەڵكاران دوور بخرێتەوە، دەنا ئەویش كۆتایی دێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر لە نووسراوێكدا فەرمانی دا بەوەی، لەبەر بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا، نوێژ و وتاری هەینی لە مزگەوت و حوسێنییەکانی پارێزگاکانی عێراق رادەگرن.
ئەم بڕیارە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی موقتەدا سەدر بووە و تا کاتێکی نادیاریش بەردەوام دەبێت.
bas news -
