رووسیا؛ کۆرۆنا رێژەی هەژاریی زیادکردووە و ئۆپۆزیسیۆنیشی بەهێزکردووە
خانەنشینێک بەناوی ساندرا کە دانیشتووی مۆسکۆیە دەڵێت "هەموو شتێک زۆر گرانە. پێشتر تەنانەت دەمتوانی خواردنی ئاژەڵ و چۆلەکەکان دابینبکەم، بەڵام ئێستا ناتوانم ئەوەش بکەم. لەڕاستیدا من چیدیکە ناچم بۆ سوپەرمارکێتەکان".
لە کۆی نزیکەی 145 ملیۆن لە دانیشتووانی رووسیا، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ژمارەی هەژاران نزیکەی یەک ملیۆن کەس زیادیکردووە و ئەمساڵ 21 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
خانەنشینێکی دیکە بەناوی فیۆدۆر تیپانینکۆ لە مۆسکۆ ئاماژەی بەوە کرد "پێمباشبوو خودی حکومەت هاوکاریی خۆراکی پێشکێش بکردینایە نەک رێکخراو و ناوەندەکانی کۆمەکبەخش. رووسیا وڵاتێكی دەوڵەمەندە، نەوت و غازی هەیە، بەڵام سامانی ئێمە چینە ساماندارەکە دەیبات و هیچ شتێك بۆ خەڵکە هەژار و مامناوەندەکە ناهێڵنەوە، بەڵێ ئەوان سامانی ئێمەیان بردووە".
ئابووریی رووسیا بە قۆناخێکی ناجێگیردا تێپەڕدەبێت و هەژاران زیاتر دەبن، هەر ئەوەشە، بە گوتەی شارەزایان، کە بووەتە هۆی بەهێزتربوونی ئۆپۆزیسیۆن.
ئەو کاردانەوە گەورەیەی کە لە کەیسی زیندانیکردنی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی دیاری ئۆپۆزیسیۆن و سەرۆکی پارتی رووسیای داهاتوو کەوتەوە، یەکێكە لە ئاماژەکان کە لەوانەیە راستیی ئەو قسەیە بسەلمێنێت.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، هەرچەندە دانی بە بوونی هەژاریی زۆر لە وڵاتەکەیدا ناوە، بەڵام بەگشتی بە جۆرێكی دیکە دەڕوانێتە ئەو بابەتە و بە سیاسی تەماشای دەکات.
سەرۆکی رووسیا دەڵێت "ئێمە دەستکەوتی زۆرمان بەدەستهێناون. هەر ئەوەشە وڵاتانی بێزارکردووە و هەوڵی وەستانمان دەدەن. ئێمە نەک تەنیا لە بواری ڤاکسین دەستکەوتمان هەبووە، بەڵکو لە ئابووریشدا سەرکەوتووین. هەر کە ئێمە لەسەر پێی خۆمان وەستاین، لەوکاتەوە سیاسەتی رووبەڕووبوونەوەی ئێمە دەستیپێکرد".
پەتای کۆرۆنا بارودۆخەکەی خراپتر کردووە، بەجۆرێك کە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لە دوو ساڵی رابردوودا نزیکەی نیو ترلیۆن دۆلار کەمیکردووە و ترلیۆنێک و 250 ملیار دۆلاری تۆمارکردووە.
هەرچەندە حکومەتی رووسیا ئۆباڵی زیادبوونی هەژاری بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێنێتەوە، بەڵام ئاماژە ئابوورییەکانی پێش کۆرۆناش گەورەتربوونی بۆشایی نێوان سامانداران و هەژاران دەردەخەن.
rudaw -
