رێکخراوی تەندرووستی جیهانی داوای زانیاری زیاتر لە چین دەكات و ئەمەریكاش رەخنەی توندی لێدەگرێت
پیتەر بێن ئێمباریک، سەرۆکی تیمی زانستی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی بۆ ووهان رایگەیاند: ئێمە پێویستمان بە داتای زیاترە و داوامان لە حکومەتی چین کردووە زانیاری زیاتر لەبارەی چۆنیەتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بخاتە بەردەستمان.
پیتەر نیگەرانی خۆی نەشاردەوە لەوەی حکومەتی چین وەک پێویست هاوکار نەبووە و هەموو داتاکانی نەخستووەتە بەردەستیان.
لە لایەكی دیكەوە، ئەمەریکا جارێکی دیکە لە رێکخراوی تەندرووستی جیهانی نیگەرانە و رایگەیاند: پێویستە پاراستنی متمانەی رێکخراوەکە کاری لەپێشینە بێت.
جەیک سوولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە راپۆرتەکەی تیمی زانستی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی هۆکاری سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نیگەرانە و گوتی: پاراستنی متمانەی رێکخراوەكە دەبێت کاری هەرە لەپێشینە بێت.
سولیڤان گوتیشی: پێویستە پهكین هەموو داتاکانی پەیوەست بە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا بخاتە بەردەستی رێكخراوی تەندرووستی جیھانی.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی تیمی زانستی نێودەوڵەتی چین رەتیدەکاتەوە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەکانی ووهانەوە بڵاوبووبێتەوە و گوتی: هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە خواردنی دەریاییەوە بووە و خواردنەکانیش لەدەرەوەی چینەوە بەشێوەی بەستوو گواستراونەتەوە بۆ وڵاتەکەی.
k24 -
