تاڵیبان هۆشداری دەداتە ناتۆ و ئەڵمانیا پێچەوانەكەی ئەنجامدەدات

تاڵیبان هۆشداری دەداتە ناتۆ و ئەڵمانیا پێچەوانەكەی ئەنجامدەدات
لە كاتێكدا بزووتنەوەی تاڵیبان هۆشداری دایە ناتۆ و داوای لێكرد سەربازەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە، ئەڵمانیا مانەوەی ھێزەكانی خۆی لەو وڵاتە درێژ دەكاتەوە.

لە راگەیه‌ندراوێکدا تاڵیبان گوتی: پەیامی ئێمە بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی وەزیرانی بەرگری ناتۆ ئەوەیە، مانەوەی سەربازەکانتان لە ئەفغانستان نە لە بەرژه‌وەندی ئێوەیە و نە لەبەرژه‌وەندی خەڵکی ئەفغانستانە، ئەوانەی دەیانەوێت درێژە بە شەڕ و داگیرکاری بدەن وەک 20 ساڵی رابردوو بەرپرسیار دەبن لەوەی روودەدات.

ھاوكات لەگەڵ ئەو ھۆشداریانەی بزووتنەوەی تاڵیبان ئەڵمانیا مانەوەی سەربازەکانی لە ئەفغانستان درێژكردەوە.

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: وڵاتەکەی دوای ئەمەریکا زۆرترین سەربازی لە ئەفغانستان هەیە و دەیەوێت مانەوەی سەربازەکانی لەو وڵاتە درێژ بکاتەوە.

ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەکاتێکدان، ئەمریکا و تالیبان رێککەوتنیان کردووە و بەگوێرەی رێککەوتنەکەش بریارە ئاداری ئەمساڵ ئەمریکا سەربازەکانی لە ئەفغانستان بکێشێتەوە.

بەڵام پەرلەمانی ئەڵمانیا گوتی: پێویستە خۆمان بۆ سیناریۆی جیاواز لەئەگەری جێبەجێکردن یان جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکەی ئەمەریکا و تالیبان ئامادە بکەین.

10 هەزار سەربازی ناتۆ لە ئەفغانستان ھەن و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆببنەوە و بڕیار لە دەرچوون یان مانەوەیان لە ئەفغانستان بدەن.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاش هۆشداری دەدات لەوەی جۆ بایدن رووبەرووی دۆخێکی سەخت بووەتەوە، چونکە وادەی کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان نزیکبووەتەوە و تاڵیبانیش هێرش و توندوتیژییەکانی کەم نەکردوونەتەوە.
k24 -
Top