ئەمریکا متمانەی بە تیمەکەی تەندروستیی جیهانی نییە و داوای زانیاریی زیاتر لە چین دەکات

ئەمریکا متمانەی بە تیمەکەی تەندروستیی جیهانی نییە و داوای زانیاریی زیاتر لە چین دەکات
ئەمریکا متمانەی بە لێکۆڵینەوەکانی تیمەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نییە کە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چووبوونە شاری ووهان. گلەیی لەو رێکارە تووندانە هەیە کە بەرامبەر ئەوان گیرانە بەر، پێیوایە بە ئازادی نەیانتوانیوە لێکۆڵینەوەکانی خۆیان بکەن.

جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا داوای لە چین کردووە زانیاریی زیاتر لەسەر هۆکاری سەرهەڵدانی کۆرۆنا بخەنەڕوو. ئەوە چینی تووڕە کردووە و هۆشداری دەدات و داوا لە واشنتن دەکات ئەو بابەتە بە سیاسی نەکات.

سوڵیڤان لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "زۆر نیگەرانین لەو شێوازەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کە لەسەر کۆرۆنا کران."

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا رەتی دەکاتەوە لێکۆڵینەوەکە بە سەربەخۆ ناو ببات و دەڵێت دەستوەردان و بەلاڕێدابردن لەلایەن حکومەتی چینەوە هەبووە.

ئەمریکا داوا لە چین دەکات زانیاری رۆژانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئاشکرابکات.

تیمەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی نزیکەی هەفتەیەک لە شاری ووهان مانەوە. ئەوەیش دوای مانگێک لە گفتوگۆ و دانوستاندن تاوەکو حکومەتی چین رێگەی پێدان بچنە شارەکە.

دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر، تەندروستیی جیهانی گەیشتە ئەو رایەی کە لەوانەیە کۆرۆنا لە گیانەوەرەوە بۆ مرۆڤ گوازرابێتەوە، بەڵام جۆری ئەو گیانەوەرەی کە باوەڕ دەکرێت کۆرۆنای گواستبێتەوە، دیار نییە. ئەگەرێکی لاوازیش هەیە کۆرۆنا بەر لە 2019 بڵاوبووبێتەوە.

پرۆفیسۆرێک کە لەو 10 شارەزایەی تیمەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بوو، دان بەوەدا دەنێت کە ئەو کاتەی رووبەڕوو لەگەڵ بەرپرسانی چینی کۆدەبوونەوە، لەژێر گوشارێکی زۆردا بوون.

دۆمینیک دویر لە زانکۆی نەخۆشخانەی وێستمید لە سیدنی مایکرۆبایۆلۆجیستە و دەڵێت: "دۆخەکەمان زۆر ئاڵۆز و تووند بووە. بە دڵنیاییەوە گوشارێکی سیاسی هەبوو."

ئەو پرۆفیسۆرە دەڵێت پێموایە گوشارەکە زیاتر لەسەر حکومەتی چینە نەک لەسەر ئێمە.

ئەو کاتەی لە ووهان بوون، تیمەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای کردووە رێگەیان پێبدرێت لە بانکی خوێن پشکنین بۆ خوێنی هەندێک خەڵک بکەن، حکومەتی چین گوتوویەتی یاسا رێگە بەمە نادات.

بەرپرسانی چینی خۆیشیان باوەڕیان وایە کە ئەگەرێک هەیە کۆرۆنا لە رێگەی خواردنی دەریاییەوە هاوردەی وڵاتەکەیان کرابێت، بەڵام ئەمریکا باوەڕی وایە کۆرۆنا هەر لە ووهان بڵاوبووبێتەوە و گومانی جیاوازی لەو بابەتە هەیە. بەڵام چین بە کەمتەرخم دەزانێت لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە جیهاندا.

لە ئاداری 2020ـدا چووی تیانکای، باڵیۆزی چین لە ئەمریکا ئەو هەواڵەی بڵاوکردەوە کە گوایە سەربازانی ئەمریکی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە شاری ووهان بڵاوکردووەتەوە. ئەو هەواڵە باڵیۆزی تووشی لێپێچینەوەیەکی تووند کرد. دوای کەمتر لە نیو مانگ چووی لەو کۆمێنتەی پاشگەز بووەوە و گوتی: "شێتانەیە تیۆری پیلانگێڕی لەسەر هۆکاری سەرهەڵدانی کۆرۆنا بڵاوبکەینەوە."

شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان ئەمریکا و چین لەسەر هۆکاری سەرهەڵدانی کۆرۆنا لە روانگەکانی دیکەی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە رەنگدانەوەی هەیە.

ئەم کۆرۆنایەی کە لە شاری ووهان یەکەم جار دەستنیشان کرا، ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە 109 ملیۆن کەسی تووش کردووە، زیاتر لە 240 هەزار کەسیشی کوشتووە.

تیمەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رۆژی 14ی کانوونی دووەمی 2021 بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتنە شاری ووهانی چین.

rudaw -
Top