بوومەلەرزەکەی ژاپۆن مەترسی لەسەر بنکەیەکی ئەتۆمی دروستکردووە
بومەلەرزەکە بەهێزبوو، بە قوڵایی 60 کیلۆمەتر لەژێر دەریاوە روویداوە. پشکنینی بنکەی ئەتۆمی فۆکوشیما دای چای دەستیپێکردووە کە ترس هەیە زەرەر و زیانی بەرکەوتبێت.
لە ساڵی 2011 بوومەلەرزەیەک لە هەمان ناوچەی دەوروبەری شاری فۆکوشیما و میاگی دا، تسونامی و کارەساتی ئەتۆمی درووستکرد، 360 ملیار دۆلار زیانی بەو وڵاتە گەیاند، 15 هەزار و 899 کەس گیانیان لەدەستدا و تاوەکو ئێستاش 2529 کەس بێ سەروشوێنن.
ڤیدیۆی ساتەوەختی بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، بۆ ماوەی زیاتر لە 20 چرکە زەمینلەرزە روودەدات، کەلوپەلی نێو ماڵ و باڵەخانەکان دەجووڵێنێتەوە.
ئەژی چەتۆ، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بوومەلەرزەکە 90 کیلۆمەتر لە ناوەندی ئەو بوومەلەرزەوە دوورە کە لە ساڵی 2011 بە گوڕی 9 پلەی رێختەر روویدا و بووە هۆی دروستبوونی تسۆنامی.
دوور نییە جارێکی دیکە تسۆنامی لەو ناوچەیە رووبدات، بۆیە حکومەتی ژاپۆن دەستی بە ئامادەکاریی و رێکاری پێویست کردووە، بەڵام پێشبینیکردن بۆ روودانی بوومەلەرزە تاوەکو ئێستا ئەستەمە و زانست نەیتوانیوە پێی بگات.
rudaw -
