کۆمپانیایەکی تورکی: لەمەودوا عێراق نەوت بە هێڵی ئاسنین دەگوازێتەوە

کۆمپانیایەکی تورکی: لەمەودوا عێراق نەوت بە هێڵی ئاسنین دەگوازێتەوە
کۆمپانیای "کریۆکان"ـی تورکی یەکەم کاروانی فارگۆنی گواستنەوەی نەوتی رادەستی کۆمپانیای ھێڵی ئاسنینی عێراق کرد و دەڵێت لەمەودوا عێراق لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە نەوت دەگوازێتەوە.

کۆمپانیای ھێڵە ئاسنینەکانی عێراق بە ئامانجی گواستنەوەی نەوت گرێبەستێکی بۆ کڕینی 400 فارگۆنی گواستنەوەی نەوت لەگەڵ کۆمپانیای "کریۆکان"ـی تورکی واژۆکردووە و، رۆژی شەممە 2021/02/13 لەو ژمارەیە 50 فارگۆن رادەستکرا.

رادەستکردنەکە لە رێورەسمێکدا بەڕێوەچوو کە تێیدا مستەفا ڤارانک، وەزیری پیشەسازی و تەکنۆلۆجیای تورکیا ئامادەبوو.

مستەفا ڤارانک لەو بارەیەوە رایگەیاند: "کۆمپانیای کریۆکان کە لە ساڵی 2009دا دامەزراوە یەکێکە لە کۆمپانیا گەشەسەندووەکانی تورکیا."

تەکین ئۆرھان، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای کریۆکان گوتی: "ئێستا کۆمپانیای ھێڵی ئاسنینی عێراق دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پرۆژەی گۆڕینی شێوازی گواستنەوەی نەوت لە رێگەی وشکانییەوە بۆ رێگەی ئاسنیین."

بەپێی پلانی داڕێژراو عێراق ئامانجیەتی تا کۆتایی ئەمساڵ 100 فارگۆنی گواستنەوەی نەوت لە تورکیا وەربگرێت.

کۆمپانیای کریۆکان رایگەیاندووە ئەو 400 فارگۆنەی گواستنەوەی نەوت تا کۆتایی ساڵی 2022 رادەستی عێراق دەکەن.

فارگۆنی گواستنەوەی نەوت هاوشێوەی تانکەری گواستنەوەی نەوتە، بەڵام لەبری ئەوەی شەقام بەکاربهێنێت، لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە نەوت دەگوازێتەوە.
rudaw -
Top