فەرەنسا داوای دەرکردنی چەکدار و سەربازانی تورکیا لە لیبیا دەکات
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەبێ ناوهێنان، داوای دەرکردنی چەکدار و سەربازانی تورکیا لە لیبیا، دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندووە، رۆژی هەینی 12-2-2021، ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوە لەگەڵ یان کۆبیچ، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیبیا، گفتوگۆی لەبارەی بارودۆخی لیبیا کردووە.
لە گفتوگۆکەدا، ژان ئیڤ لۆدریان جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە لیبیا کردووەتەوە، کە بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها رایگەیاندووە، کە پێویستە هەموو لایەنە لیبییەکان پابەندی ئاگربەست بن و چەکدارە بیانییەکانیش لەو وڵاتە بچنە دەرەوە.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی لیبیاوە، تورکیا بە ناردنی چەک، چەکداری گرووپە توندڕەوەکانی سووریا و هێزێکی سوپای وڵاتەکەی، پاڵپشتیی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانی لە دژی سپای نیشتمانیی لیبیا، دەکات.
باسنيوز
