عەللاوی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان دەکات
سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی عێراق داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەکات.
ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی عێراقی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (سۆمەرییە نیوز)، رایگەیاندووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی بارودۆخێکی سروشتی و ئاسایی پێویستە، کە ئێستا عێراق لەو بارودۆخەدا نییە.
ئەیاد عەللاوی هەروەها رایگەیاندووە، داوای لە ئەندامانی ئیئتیلافەکەی کردووە داواکارییەک بۆ دواخستی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان بۆ ساڵی 2022 بکەن، چونکە هەڵبژاردن خەرجیی زۆر و کەشوهەوایەکی ئارامی دەوێت، ”باشترە لە 2022 بکرێت“.
پێشتر مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو، رۆژی 6-6-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ساز بکرێت، بەڵام دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وادەکەی بۆ 10-10-2021 دواخست.
سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی عێراقی رەخنەی لە سەردانی جێنین هێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق بۆ ئێران و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گرتووە و رایگەیاندووە، ”پلاسخارت بۆ ئەو پۆستەی نەتەوە یەکگرتووەکان باش نییە“.
ئەیاد عەللاوی ناڕاستەوخۆ داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیلی کردووە و رایگەیاندووە، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، کێشەی فەلەستینیان نەفرۆشتووە.
باسنيوز
