سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا: ئۆپەراسیۆنەکانمان لەودیو سنوور بەردەوام دەبن

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا: ئۆپەراسیۆنەکانمان لەودیو سنوور بەردەوام دەبن
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە چیای گارە دژی گەریلاکانی پەکەکە بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "تا ریشەکێشکردنی تیرۆر ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوام دەبن."

ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا باسی لە رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کرد و رایگەیاند: "خۆشحاڵ و دڵخۆش بووین بە رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ دەرکردنی تیرۆریستان لە شنگال. ئەوە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ رەواندنەوەی مەترسی و هەڕەشەکان."

هەر لەو بارەیەوە گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا: "بەڵام ئەوە بەس نییە. بەغدا و هەولێریش دەزانن دۆخەکە ئاڵۆزە و ئاسان نییە و پێویستی بەکارکردنی هاوبەشی زیاترە، چونکە ئەو ناوچەیە رێڕەوی تیرۆرە و پەیوەندیی بە ئەودیوی سنوورەکانەوە هەیە."

کاڵن باسی لەوە کرد کە تورکیا چاوی لە خاکی عێراق نییە و گوتی: "ئەگەر لەو خاکەوە هەڕەشە نەکرێتە سەر ئاسایشی نەتەوەیمان، تورکیا بۆچی هێرش بکات؟ پێویست بە ئۆپەراسیۆنی سەربازییش ناکات."

لەبارەی ئۆپەراسیۆنی چیای گارەوە ئیبراهیم کاڵن رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لەو شوێنە سێ شەهیدمان داوە. پێویستە درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانمان بدەین."

لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر شنگال، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند: "چاودێری پێشهاتەکان دەکەین، ئەگەر بێتو هەڕەشەکان کۆتاییان نەیەت، ئۆپەراسیۆن بۆ سەر شنگال یەکێک دەبێت لە ئەگەرە کراوەکان."

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا راشیگەیاند: "تا ریشەکێشکردنی تیرۆر ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوام دەبن. جا ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە باکووری عێراق یان لە باکووری سووریا بن. بە هەموو توانایەک بەردەوام دەبن و سڵ ناکەینەوە."

هەروەها رۆژی پێنجشەممە 2021/02/11 فەرماندەی هەپەگە لە ناوچەی چیای گارە راگەیێندراوێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکان لەو ناوچەیەی باشووری کوردستان بڵاوکردووەتەوە.

لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی گارە، کە لە کاژێر 03:00ی بەرەبەیانی 10ی شوباتی 2021 بە بەشداری فرۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر دەستیپێکردووە درێژەی هەیە."

بە گوێرەی راگەیێندراوەکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندین شوێنیان لە چیای گارە بۆردوومان کردووە و یەکێک لەو شوێنانەش کەمپێک بووە کە ژمارەیەک دیلی شەڕی تێدابووە، هەپەگە دەڵێت دواتر زانیاری زیاتر لە بارەی ئەنجامی بۆردوومانەکە بڵاودەکەنەوە.

هەپەگە لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە: "تاوەکو ئێستا شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە نێوان گەریلاکانی هەپەگە و سوپای تورکیا لە ناوچەی سیانێ بەردەوامە. شەڕ و پێکدادانەکان لە کۆنتڕۆڵی هێزەکانماندایە. سوپای تورکیا دەڵێ دوو ئەفسەریان کوژراون و چوار سەربازیش بریندارن، بەڵام ژمارەی تەرمەکانیان لەوە زیاترە."

هاوکات فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی رایگەیاند، نابێت لە هیچ ناوچەیەکی عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ.

رۆژی پێنجشەممە سەید خەیر مەترووحی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا راگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە زیان بە خاکی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد دەگەیێنن. رێگە بە هیچ گرووپێکی چەکدارییش نادەین ئاژاوە و پشێوی لە هەر ناوچەیەکی عێراقی خۆشەویست لە زاخۆ تا دەگاتە فاو بنێتەوە یان زیانی ئەمنی بە هەر ناوچەیەکی وڵات بگەیێنێت."

ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، رەتیدەکەنەوە خاکی وڵات بکرێتە سەرچاوەی هەڕەشە و هێرشکردن دژی هەر وڵاتێکی دراوسێ.
rudaw -
Top