فڕۆکەکانی تورکیا سنووری چەمانکێ بۆردوومان دەکەن

فڕۆکەکانی تورکیا سنووری چەمانکێ بۆردوومان دەکەن
فڕۆکەکانی تورکیا گوندی بێرکیاتی و بناری چیای گارەیان لە نزیک چەمانکێی سەر بە ئامێدی بۆردوومان کرد.

شۆڕش ئیبراهیم، دانیشتووی چەمانکێیە و لەبارەی بۆردوومانەکەوە دەڵێت: "کاژێر 18:00ـی ئەمڕو پێنجشەممە 11-2-2021 گوندی بێرکیاتیی نزیک لە چەمانکێ و بناری چیای گارە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردوومان کران."

ئەلەند ئەمیر بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێ ھەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند کە گوندی بێرکیاتی 10 کم لە سەنتەری شارۆچکەکە نزیکە، بەڵام ناوچەی مەرانێ لە بناری گارە تەنیا 2 کم لە سەنتەری شارۆچکەکەوە دوورە.

دەربارەی زیانەکان ئەلەند ئەمیر دەڵێت: "ھێچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی لە ناوچەکە دروستکردووە".

لە کاژێر 02:55ی بەیانیی رۆژی چوارشەممە 10-2-2021 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی لە چیای گارە لە باشووری کوردستان دەستپێکردووە کە بە "چنگی پڵنگ 2" ناسراوە. سەربازانی تورکیا بە هێلیکۆپتەر دابەزێنراون و شەڕێکی قورس لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی تورکیا دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
rudaw -
Top