بە مووشەکی دوورمەودا هێرش کرایە سەر سوپای رووسیا
بە مووشەکی دوورمەودا هێرش کراوەتە سەر سوپای رووسیا لە رۆژئاوای سووریا.
فیچیسلاڤ سیتکین، جێگری سەرۆکی سەنتەری ئاشتەوایی رووسی لە سووریا، رایگەیاندووە، هێرشە مووشەکییەکە شەوی چوارشەممە 10-2-2021 کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی ئاسمانیی حومەیمیم لە سنووری پارێزگای لازقیە لە رۆژئاوای سووریا.
فیچیسلاڤ سیتکین هەروەها رایگەیاندووە، بنکەکانی چاودێریی ئاسمانیی تێبینیی ئەوەیان کردووە، کە مووشەکەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە توندڕەوەکان لە پارێزگای ئیدلیب، ئاراستەی بنکەی سەربازیی ئاسمانیی حومەیمیم کراون.
ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بە تۆمارنەکردنی هیچ زیانێکی مرۆیی لە ئەنجامی ئەو هێرشە مووشەکییەدا کردووە و رایگەیاندووە، لە بنکەکەدا کاری ئاسایی بەردەوامە.
رووسیا لە مانگی 9ـی 2015 بە ناردنی چەک و سەرباز، پاڵپشتیی سوپای رژێمی سووریا لە دژی گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکات و چەند بنکەیەکی سەربازی لە سووریا کردووەتەوە.
باسنيوز
