حوسییەکان: هێرشەکەمان بۆسەر فڕۆکەخانەکەی سعودیە ورد بووە و ئامانجی پێکاوە

حوسییەکان: هێرشەکەمان بۆسەر فڕۆکەخانەکەی سعودیە ورد بووە و ئامانجی پێکاوە
حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، هێرشێکیان لەڕێگەی درۆنەوە کردووەتە سەر فڕۆکەخانەیەکی سعودیە و هۆکاری بەئامانجکردنی ئەو شوێنەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەو وڵاتە لەوێوە هێرشی کردووەتە سەر یەمەن.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی باڵی سەربازیی حوسییەکان رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی یەمەن شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها کردووەتە ئامانج، کە "بۆ مەبەستی سەربازی و بۆ بەئامانجکردنی خەڵکی یەمەن بەکاردەهێنرێت. هێرشەکە لەڕێگەی چوار درۆنەوە ئەنجامدراوە".

بە گوتەی گوتەبێژی باڵی سەربازیی حوسییەکان، "هێرشەکە ورد بووە و ئامانجەکانی پێکاون".

هاوپەیمانیی عەرەبیش بە سەرۆکایەتیی سعودیە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەی حوسییەکان فڕۆکەیەکی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی باشووری وڵاتەکەیان گڕیگرتووە.

هاوپەیمانیی عەرەبی دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشە "ترسنۆکانە تاوانکارییەکە"ی حوسییەکان بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها لە سعودیە، فڕۆکەیەکی مەدەنی ئاگری تێبەربوو، بەڵام دواتر ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.

هێرشەکەی حوسییەکان لەکاتێکدایە، ئەمریکا سەرنجێکی زۆری خستووەتەسەر قەیرانی مرۆیی یەمەن و گرنگە بەلایەوە چارەسەربکرێت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن کۆتایی بە پاڵپشتییەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆسەر یەمەن دەهێنێت.
Rudaw -
Top