دوو فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی حوسییەکان تەقێندرانەوە

دوو فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی حوسییەکان تەقێندرانەوە
هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ گەڕاندنەوەی شەرعیەت بۆ یەمەن، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەنیان تەقاندەوە.

حوسییەکان ئەمڕۆ چوارشەممە 10-2-2021 دوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆمبڕێژکراوەکەیان ئاراستەی باشووری سعودیە کردبوو، بۆ ئەوەی لەناو خەڵکی مەدەنی بتەقنەوە.

عەمید روکن تورکی ئەلمالکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە، کە سعودیە سەرۆکایەتی دەکات، رایگەیاندووە، هێزەکانیان توانیویانە دوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆمبڕێژکراوەکە لە ئاسمان بتەقێننەوە.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.












باسنيوز


Top