توركیا بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا پێشنیازێك لەبارەی S400وە دەخاتە ڕوو
خلووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاندووە: "ئەمریكا نیگەرانە كە توركیا سیستەمی بەرگریی S400ی لە رووسیا كڕیوە، بۆیە بۆ ئەوەی ئەو ناكۆكییە كۆتایی پێ بێت، با (مۆدێلی گریت) بەكار بهێنین".
مۆدێلی گریت ئەو مۆدێلەیە، كە لە ١٩٩٧ قوبرسی یۆنان، مووشەكی بەرگریی S300ی لە رووسیا كڕی و، ئەوكات توركیا زۆر بە توندی دژی ئەو هەنگاوە وەستایەوە و فشارێكی زۆری كردە سەر قوبرس تا دەستبەرداری ئەو سیستەمە ببێت.
لە بەرامبەردا قوبرس و یۆنان رێككەوتن، تا ئەو مووشەكە لە دوورگەی (گریت) دابنێن و بەكاری نەهێنن، تەنیا لە كاتی پێویستدا نەبێت.
توركیاش دەیەوێت هەمان مۆدێل بۆ S400 بەكار بهێنێت، بەڵام ئاشكرای نەكردووە ئەو مووشەكە لە كوێ دابنێت و هەڵی بگرێت.
ئەمریكا تاکوو ئێستا هیچ لێدوانێكی فەرمی لەبارەی قبووڵكردن و نەكردنی ئەو پێشنازەی تورکیا نەداوە، بەڵام میدیاكانی توركیا پێشبینی دەكەن، ئەمریكا ئەو پێشنیازەی توركیا رەت بكاتەوە.
باسنيوز
