کەشتیی ئاسمانیی "هیوا"ی ئیمارات بە سەرکەوتوویی گەیشتە خولگەی مەریخ

کەشتیی ئاسمانیی
کەشتیی ئاسمانیی ئیماراتی، ناسراو بە "هیوا" بە سەرکەوتوویی گەیشتە خولگەی مەریخ و ئیمارات بووە یەکەمین وڵاتی عەرەبی و پێنجەمین وڵات لە جیهاندا کە گەشتی بۆشایی ئاسمان بۆ هەسارەی مەریخ ئەنجامدەدات.

کەشتیی هیوا لەدوای حەوت مانگ و بڕینی 493 ملیۆن کیلۆمەتر، گەیشتە خولگەی مەریخ و دەستبەجێ دەستیکرد بە ناردنی زانیاریی تایبەت بە بەرگە هەوا و کەشوهەوای هەسارەکە بۆ ناوەندی بۆشایی ئاسمانی لە ئیمارات.

ئەم گەشتە ئاسمانییەی ئیمارات لە چوارچێوەی هەوڵی ئەو وڵاتە دێت بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئاژانسی زانستیی ئیمارات بە دروستکردنی نشینگەیەک لەسەر هەسارەی مەریخ تاوەکو ساڵی 2117ی زاینی.

بڕیارە کەشتیی ئاسمانیی هیوا بۆ ماوەی دوو ساڵ لە خولگەی هەسارەی مارسدا بسووڕێتەوە و زانیاریی زانستی لەبارەی کەشوهەوای هەسارە سوورەکە بنێرێت، بەتایبەتی لەبارەی هۆکاری نەمانی ئۆکسجین و هایدرۆجین لەسەر ئەو هەسارەیە.

یەکەمین جار کە ئیمارات نیازی خۆی بۆ رۆیشتن بەرەو هەسارەی مەریخ ئاشکراکرد لە ساڵی 2014 بوو، لە ساڵی 2017دا بەرنامەی نیشتمانیی تایبەت بە بۆشایی ئاسمانی ئاشکرا کرد و لە ساڵی 2019دا کەشتیوانێکی ئیماراتی بەناوی هەزاع مەنسووری بووە یەکەمین ئیماراتی کە گەشتی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان ئەنجامداوە.
k24 -
Top