وەزیری دارایی و ئابووری و كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا كۆبوونەوە

وەزیری دارایی و ئابووری و كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا كۆبوونەوە
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازیی لە جەیمس سۆرنتۆن، كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا و شاندی یاوەری كرد و دانووستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە رێكکەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی نێوانیان و ئاستەنگەكانی بەردەم رێكکەوتنەكە كراوە.

لە دیدارەکەدا جەیمس سۆرنتۆن، كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا جەختی لەوە كردووەتەوە كە حكومەتی وڵاتەكەی وەكو چۆن لە ماوەی رابردوودا ناوچەی دژەفڕینی بۆ كوردەكان دابین كردووە و بە هەمان شێوە پاڵپشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، ئامادەن بە هەموو شێوەیەك هانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بدەن بۆ رێكەوتنی نێوان هەردوو لا.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەیشدا، ئاوات شێخ جەناب باسی لەوە کردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی رێكکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدان و دەیانەوێت ببنە بەشێك لە چارەسەر نەك ببنە بەشێك لە كێشەكان.

وەزیری دارایی و ئابووری ئەوەشی دووپات كردووەتەوە، بەریتانیا دەتوانێت كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان هان بدات روو بكەنە هەرێمی كوردستان و پەرە بەبووژاندنەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان بدەن.
rudaw -
Top