نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران و کۆریای باکوور لە بواری ئەتۆمی هاوکاریی یەکدی دەکەن
هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە ئێران و کۆریای باکوور لە بواری گەشەدان بە مووشەکی دوورمەودا هاوکارییەکی بەهێزیان هەیە، ئەو هاوکارییەش لەو ساڵەدا دەستیپێکردووە کە کۆریای باکوور دەستیکردووە بە تاقیکردنەوەی کڵاوەی ئەتۆمیی نوێ بۆ مووشەکە بالیستییە دوورمەوداکانی.
لە راپۆتی لیژنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئێران هەر جۆرە هاوکارییەکی لەگەڵ کۆریای باکوور بۆ هەماهەنگیکردنی مووشەکی رەتکردووەتەوە، بەڵام بە گوتەی بەرپرسێکی ئێرانی، کۆریای باکوور و وڵاتەکەی "بەردەوامن لە هەماهەنگییەکانیان لە پرۆژەکانی گەشەپێدانی مووشەکی دوورمەودا".
سنووری کۆریای باکوور بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە تووندتر کراوە و زیانی پێگەیاندووە، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو وڵاتە بەردەوام بووە لە هاوردەکردنی زیاتر لە بڕی رێگەپێدراو لە سەرچاوە نەوتییەکان.
ساڵی رابردوو، ئەمریکا وێنەی مانگە دەستکردەکان و داتاکانی خستەڕوو بۆ نیشاندانی ئەوەی کە کۆریای باکوور سنووری خۆی تێپەڕاندووە لە بەدەستهێنانی پشکی خۆی لە سەرچاوە نەوتییەکان.
چین و رووسیا دوو پاڵپشتی سەرەکیی کۆریای باکوورن و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە ئەمریکا دەیڵێت و دەڵێن، هاوردەی سەرچاوە نەوتییەکان بۆ کۆریای باکوور زۆر کەمە.
rudaw -
