وەزیرێکی ئێرانی: ئەگەر ناچار بین چەکی ئەتۆمی دروست دەکەین

وەزیرێکی ئێرانی: ئەگەر ناچار بین چەکی ئەتۆمی دروست دەکەین
وەزیری دەزگای هەواڵگریی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی دووەمی تەلەفزیۆنی وڵاتەکەی ڕای گەیاندووە ئەگەر ناچار بکرێین و پێویست بکات، ئێران چەکی ئەتۆمی بەرهەم دەهێنێت.

مەحموود عەلەوی، وەزیری دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە کاردانەوە بە هەڕەشەیەکی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناڕاستەوخۆ دانی بەوەدا ناوە کە ئێران هەموو پێداویستییەکی چەکی ئەتۆمیی هەیە و "ئەگەر ناچار بکرێین، دروستی دەکەین".

ئەوە یەکەم جارە کە بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو چەشنە و بە شێوەی ڕاشکاو باسی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی وڵاتەکەی بکات.

لە ڕاۆژانی ڕابردوودا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پاش بڕیاری ئێران بۆ زیاترکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، باسی لە مەترسیی دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی کردبوو.

لەو وتووێژەدا هەرچەند وەزیری ئیتلاعاتی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە: "ڕێبەری باڵای ئێران ڕاشکاوانە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەپێچەوانەی شەرع لەقەڵەم داوە و کۆماری ئیسلامی بەدوایدا ناچێت و بە حەرامی دەزانێت، بەڵام ئەگەر فشار بۆ پشیلەش بهێنن، لەوانەیە کارێک بکات کەلە حاڵەتی ئاساییدا نەیکات".

مەحموود عەلەوی ئەوەشی ئاشکرا کردووە: "ئەگەر ئێران بەرەو ئاراستەیەک پەلکێش بکەن، ئەوە هەڵەی ئێران نییە، بەڵکوو خەتای ئەو کەسانەیە هانیان داوە و خستوویانەتە ناو ئەو بەرنامەیەوە".

ئەو قسانەی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە کاتێکدایە کە پێشتر عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕای گەیاندبوو: "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو پێداویستییەکی گەیشتن بە دەسەڵاتێکی ئەتۆمیی هەیە".

پرسی هەوڵی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣وە بووەتە یەکێک لە پرسە ڕۆژەڤەکانی مەیدانی سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی و پاش ساڵانێک گفتوگۆ و دانوستان ساڵی ٢٠١٥ ئێران لەگەڵ وڵاتانی ٥ + ١ ڕێککەوتنی ناوکیی واژۆ کرد و بە دانی کۆمەڵێک بەڵێنی و کەمکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی، کۆمەڵێک لە گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵگیران.

ساڵی ٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا، بڕیای دا و یەکلایەنە لە ڕێککەوتنی ناوکی کشایەوە و ئەمریکا و ئیسرائیل لەو باوەڕە دان کە ئێران پابەندی بەڵێن و خاڵەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەبووە.

لە یەک مانگی ڕابردوودا و پاش بڕیارێکی سەرکۆماری ئێران و بەپێی پرۆژەیاسایەکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیاری زیاترکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم درا کە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

پاش هەڵبژاردنی ئەمریکا و هاتنە سەرکاری جۆ بایدن، باس لەوە دەکرا کە ئیدارەی بایدن هەوڵ دەدات بەرەبەر ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران کارا بکاتەوە و بگەڕێتەوە ناو ئەو ڕێککەوتنە، بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوودا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرای کرد ئەگەر هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن و پاش هەڵسەنگاندن، ئەوکاتە دەست بە دانوستان دەکەنەوە.

لە بەرانبەریشدا بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر ئەوە پیداگرن کە ئێران پابەندی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکی نەبووە، بۆیە گەمارۆ و فشارەکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵناگیرێن.










باسنيوز

Top