وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: گوشارەکانمان بۆ سەر سەرکردایەتیی حوسییەکان بەردەوام دەبن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: گوشارەکانمان بۆ سەر سەرکردایەتیی حوسییەکان بەردەوام دەبن


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە گوشارخستنە سەر سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن.

نید برایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، بەهۆی رەوشی مرۆیی یەمەنەوە، چاویان بە بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی حوسییەکان خشاندووەتەوە.

نید برایس ئاماژەی بەوەش کردووە، راگرتنی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ گێڕانەوەی شەرعیەت بۆ یەمەن، بە مانای راگرتنی شەڕ دژی رێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە لە یەمەن نایە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە وڵاتەکەی لە گوشارخستنە سەر سەرکردایەتیی حوسییەکان بەردەوام دەبێ.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماددی، مەعنەوی و لۆجیستی، هاوکارییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.




باسنيوز
Top