وەزیری هەواڵگریی ئێران: ئاگاداری پیلانی کوشتنی زانا ناوکییەکەمان بووین
وەزیری ئاسایش و هەواڵگریی ئێران رایدەگەیەنێت، ئاگاداری پیلانی کوشتنی زانا ناوکییەکەی وڵاتەکەیان بوون.
مەحمود عەلەوی، وەزیری ئاسایش و هەواڵگریی ئێران بە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، وەزارەتەکەی پێنج رۆژ لە رووداوەکە، هێزە چەکدارەکانی ئێرانی لە بوونی پیلانی تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە، زانای ناوکیی ئێران، ئاگادار کردبووە.
مەحمود عەلەوی هەروەها رایگەیاندووە، ”ئاگاداربووین پیلانێک هەیە بۆ کوشتنی موحسین فەخریزادە لەو شوێنەی لێی تیرۆر کرا، بەڵام کاتی جێبەجێکردنی پیلانەکەمان نەدەزانی“.
وەزیری ئاسایش و هەواڵگریی ئێران بەبێ دیاریکردنی ناو و پێگەی ئەو کەسە، ئاشکرای کردووە، کەسێک لەناو هێزە چەکدارەکانی ئێران پێویستییەکانی تیرۆرکردنی ئەو زانا ناوکییەی دابین کردووە.
موحسین فەخریزادە رۆژی 27-11-2020 لە باکووری شاری تاران لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە تیرۆر کرا.
دەسەڵاتدارانی ئێران، ئیسرائیل بە تیرۆرکردنی ئەو زانا ناوکییە تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئیسرائیل ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە.
باسنيوز
