کۆمارییەکان ئەگەری سزادانی ترەمپ دووردەخەنەوە
سبەینێ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا تاووتوێی دۆسییەی لێپێچینەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەکەن و بڕیار دەدەن ئایا ترەمپ بەرپرسیارە لە هێرشی لایەنگرانی بۆ سەر کۆنگرێس لە 6ی مانگی رابردوو، یاخود نا.
بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی لێپێچینەوەکە، ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمارییەکانی نێو ئەنجوومەنی پیران پشتگیری لە ترەمپ دەکەن و لێپێچینەوەکە بە نایاسایی ناودەبەن، چونکە بە گوتەی ئەوان ناکرێت ترەمپ کە ئێستا هاووڵاتییەکی ئاساییە بە یاسای لێپێچینەوەی سەرۆکی وڵات مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێت.
لەنێو 100 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پیراندا، هەر یەک لە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان خاوەن 50 کورسین و تای تەرازووەکە لەدەستی کامڵا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکایە کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانە و خاوەن تاکە دەنگە یەکلاییکەرەوەکەیە بە سوودی دیموکراتەکان.
بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پیران بتوانێت سزای ترەمپ بدات، پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەکانە و بەو پێیەش دەبێت جگە لە 50 دەنگەکەی ئەندامە دیموکراتەکانی ئەنجوومەنەکە، 17 دەنگی کۆمارییەکان پشتگیری لە سزادانی ترەمپ بکەن، بەڵام ئاماژەکان تاوەکو ئێستا ئەوە دەردەخەن دەنگی کۆمارییەکان کە پشتگیری لە ترەمپ دەکەن لە هەڵکشاندایە و پێناچێت، هەوڵی دیموکراتەکان بۆ پۆڵێنکردنی ترەمپ وەک سەرۆکی لە دەسەڵات دوورخراوە لەبری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سەربگرێت.
یەکێکی دیکە لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە شکستی دیموکراتەکان، زیاتر هانی ترەمپ بدات نیمچە بەڵێنەکەی ماوەی رابردوو بە دووبارە خۆ کاندیدکردنەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە هەڵبژاردنە چاوەڕێکراوەکانی ساڵی 2024، بەسەربەرێت.
rudaw-
