پۆڵەندا و سوێد و ئەڵمانیا بەشێک لە دیپلۆماتکارە رووسییەکانی وڵاتەکەیان دەردەکەن

پۆڵەندا و سوێد و ئەڵمانیا بەشێک لە دیپلۆماتکارە رووسییەکانی وڵاتەکەیان دەردەکەن
لە کاردانەوەی دەرکردنی ژمارەیەک دیپلۆماتکاری پۆڵەندی، سوێدی و ئەڵمانی لەلایەن رووسیاوە ئەو سێ وڵاتەش رایانگەیاند کە ئەوانیش چەند دیپلۆماتکارێکی رووسی لە وڵاتەکەیان دەردەکەن.

گرژییەکانی رووسیا و بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا لەبارەی دەستگیرکردنی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا و دەستگیرکردنی خۆپێشاندەرانە. وڵاتانی رۆژئاوا داوای ئازادکردنی ناڤالنی دەکەن، بەڵام رووسیا داواکەی رەتکردوونەتەوە.

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: ئەندامێکی ستافی باڵیۆزی رووسیایان دەرکردووە، هەروەها دەشڵێت: بڕیارەکەی مۆسکۆ لەبارەی دەرکردنی دیپلۆماتکارەکان "پاساوهێنانەوە هەڵناگرێت".

سێ رۆژ لەمەوبەر جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی رووسیای کرد و لەو کاتەشدا مۆسکۆ بڕیاری دەرکردنی بەشێک لە دیپلۆماتکارانی دا، لەو بارەیەوە بۆرێل رایگەیاند، دەرکردنی دیپلۆماتکارانی ئەڵمانیا، پۆڵەندا و سوێد لە رووسیا لەکاتێكدا ئەنجامدرا کە ئەو لە کۆبوونەوەدا بوو لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە هەواڵەکەی زانیوە کە بەگوتەی خۆی "تووشی شۆک بووە".

هەروەها بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندووە، رەتکردنەوەی داوایەکی ئێمە بە هێشتنەوەی دیپلۆماتکارە ئەوروپییەکان و هەروەها رێگریلێکردنمان لە سەردانی ناڤالنی لە زیندانەکەی لەلایەن رووسیاوە، بەو باوەڕەی گەیاندووین کە رێگەی رووسیا لەوەی ئەوروپا جودایە و یەکدی ناگرنەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆرێل ئاماژەی بەوە دا، رووسیا رۆژ دوای رۆژ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا کاڵتر دەکاتەوە و زیاتر بەرەو پچڕاندن دەبات و بەها دیموکراسییەکان بە هەڕەشە لە مانەوەی خۆی سەیر دەکات.

سەبارەت بە سزادانی رووسیا هێشتا یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا هیچ بڕیارێکیان نەداوە، بۆرێل لەو بارەیەوە دەڵێت، دوور نییە رووسیا بەر سزای یەکێتیی ئەوروپا بکەوێت، بەڵام دواجار ئەوە بڕیارێکە لە دەستی ئەندامانی یەکێتییەکە.

ئەلێکسی ناڤالنی سەرکردەی رەوتی ئۆپۆزیسیۆنە لە رووسیا، لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو بەهۆی ژەهراویبوونەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا و دواتر گوازرایەوە بۆ ئەڵمانیا، دوای پێنج مانگ لە چارەسەر گەڕایەوە رووسیا و دەستبەجێ دەستگیرکرا، لە دادگای وڵاتەکەش سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

دەستگیرکردنی ناڤالنی لە نێوخۆی رووسیا و لە ئاستی وڵاتانی رۆژئاواش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. لە بەشێک لە ناوچەکانی رووسیا خۆپێشاندان کران و پۆلیسی وڵاتەکەش هەزاران خۆپێشاندەری دەستگیرکردووە.

rudaw -
Top