واشنتۆن داوا لە حووسییەکان دەکات بە زووترین کات هێرشەکانیان بۆ سەر سعوودیە ڕابگرن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕای گەیاندووە واشنتۆن سەبارەت بە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە هەست بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکات و داوایان لێ دەکات هەرچی زووە هێرشەکانیان ڕابگرن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردوو: "لە کاتێکدا جۆ بایدن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە یەمەن هەنگاو دەنێت و سعوودیەش پشتگیری لە یەکلاییکردنەوەی کێشەکان لەڕێگەی دانوستان، ئەوا ئەمریکا لە هەمبەر درێژەی هێرشی حووسییەکان هەست بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکات".
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە: "داوا لە حووسییەکان دەکەین هەر ئێستا هێرشەکانیان ڕابگرن، کە دەیکەنە سەر خەڵکی مەدەنی لە سعوودیە و شەڕ و هێرشی سەربازیش لەناو یەمەن رابگرن، کە جگە لە ماڵوێرانی بۆ گەلی یەمەن، هیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە".
ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە حووسییەکان: "واز لە کردەوەی تێکدانی سەقامگیری بێنن و پابەند و هاوکار بن بە هەوڵەکانی گریفیس، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئێستا کاتی ئەوەیە کۆتایی بەو ململانێیە بهێنرێ".
دوێنێ یەکشەمە، هاوپەیمانیی عەرەبی لە یەمەن گوتی، چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی بە بۆمبچێنراویان تەقاندووەتەوە، کە حووسییەکانی هاوپەیمانی ئێران لە باشووری وڵاتەوە بەکاریان هێناون.
تورکی مالکی، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانیی عەرەبی لە راگەیاندراوێکدا کە دەزگا راگەیانە فەرمییەکانی سعوودیە بڵاویان کردەوە، دەڵێت لە کاتژمێرەکانی سەرەتای رۆژی یەکشەممەدا فڕۆکەیەکی بە بۆمبچێنراوی بێفڕۆکەوانیان پێکاوە.
مالکی لە دوو راگەیاندراوی دیکەدا ئاشکرای کردووە کە هاوپەیمانیی عەرەبی ئێوارەی دوێنێ سێ فڕۆکەی دیکەی بێفڕۆکەوانیان پێکاوە و خستوونیانەتە خوارەوە، کە حووسییەکان بۆ بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییان لە ناوچەی باشوور هەڵیانستاندبوون، تەنیا لە ماوەی تەنیا یەک رۆژدا چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکان کراونەتە ئامانج.
باسنيوز
