دەستكیسێكی مۆسادی ئیسرائیلی وردەكاری ئەركێكی خۆی لە میسر ئاشكرا دەكات

دەستكیسێكی مۆسادی ئیسرائیلی وردەكاری ئەركێكی خۆی لە میسر ئاشكرا دەكات
یەكێك لە ئافرەتە دەسكیسەكانی مۆسادی ئیسرائیلی لە میانی راپۆرتێكی كەناڵی 12 ئیسرائیل ئەو رۆڵەی خۆی ئاشكرا كرد، كە لە میانی شەڕی ئۆكتۆبەر لە میسر ئەنجامی دا.

"تەمار" كە وەك سەرباز كاری دەكرد لە ھۆبەی ئۆپەراسیۆنەكانی ناسراوە بەناوی "قیساریە" گوتی: "مەشق دەدراین و پشكنینیان دەكردین بۆ ئەوەی بتوانین ناسنامەی ئیسرائیلی و جوولەكەیی خۆمان بشارینەوە و دواتر لە ناو "مەترسیدارترین دەوڵەتانی دژ بە ئیسرائیل بچێنرێین".

تەمار ئاشكرایكرد، جارێكیان سەركردەكانی تاقییانكردەوە لەبارەی ئاستی گوێڕایەڵی و ملكەچبوونی بۆ فەرمانەكانی سەرووی خۆی و گوتی: "ھاوڕێیەكم ھەبوو و داوایان لێكردم بەجێیبێڵم، دەبوایە تاقیم بكەنەوە". گوتیشی: گوێڕایەڵ بووم و بەجێمھێشت، ئاماژەشیكرد، "زۆر رقم لەوە بوو، بەڵام من سووربووم لەسەر دەرچوون و سەركەوتن".

لەو ماوەیەدا، لە میانی شەڕی ئۆكتۆبەری ساڵی 1973، نێردرایە میسر، كە ئەو كات مەترسیدارترین دەوڵەتی دژ بە دەوڵەتی ئیسرائیل بوو، ئەو كات تەمار تەمەنی 22 ساڵ بوو.

یەكێك لە ئەركەكانی "تەمار" لە میسر، چوونە نێو پیشانگایەكی سوپای میسر بوو، كە نمایشی ئەو كەرستە ئیسرائیلیانەی دەكرد؛ ئەوانەی لەبەرەی سینا لە میانی شەڕەكاندا دەستیان بەسەرداگرتبوو، ھەندێك ھێشتا خوێنی سەربازەكانی سوپای ئیسرائیلیان پێوە بوو.

تەمارا گوتی: وا خۆی پیشاندا ھاتووە سەردانی پیشانگاكە بكات، لە رووكەشەوە خەندەی بۆ ھەمووان دەكرد و خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕی، بەڵام لە ناخدا ئازاری دەچێژا كاتێك تۆماری دەكردن و پشكنینی پاشماوەكانی ئیسرائیلییەكانی دەكرد لە نێو تانكەكاندا، ھەروەھا تۆماری كەرەستەكانی دیكەی دەكرد بۆ ئەوەی دواتر ئاگاداری مۆساد بكاتەوە.

سەرچاوە: RT
k24 -
Top