بایدن: سزاكانی سه‌ر ئێران لانابه‌ین

بایدن: سزاكانی سه‌ر ئێران لانابه‌ین
سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن، لە دیدارێكدا، كە ئەمڕۆ پەخشكرا، رایگەیاند، سزا سەپێنراوەكانی سەر ئێران ھەڵناگرێت، چونكە ئێران رێز لە پابەندییەكانی ناگرێت لە دۆسیەی ئەتۆمیدا.

لە وەڵامی پرسیارێكی تۆڕی "سی بی ئێس" لە بارەی ئەگەری ھەڵگرتنی سزاكان بۆ قایلكردنی تاران بە گەڕانەوەی بۆ سەرمێزی دانوستانەكان بە ئامانجی رزگاركردنی رێككەوتنی ئەتۆمی، بایدن وەڵامی دایەوە و گوتی: "نەخێر".

كاتێكیش رۆژنامەنووسەكە لێیپرسی، ئایا دەبێت ئێرانییەكان "یەكەم شت پیتاندن یۆرانیۆم راگرن" سەری بە "بەڵێ" بۆ لەقاند، لە چەند پارچەیەكی دیدارەكەدا، كە بڕیارە دوای نیوڕۆی یەكشەممە بەكاتی ئەوێ پەخش بكرێت.

دوای دانوستانێكی ماندووكەر و درێژخایەن، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌ڵمانیا لە ساڵی 2015 گەیشتە رێككەوتن لەگەڵ ئێران بەوەی چەكی ئەتۆمیی نەبێت و دواتریش نەتەوە یەكگرتووەكان رێككەوتنەكەی پەسندكرد.

بەڵام سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، لە ساڵی 2018 لەو رێككەوتنە كشایەوە بە پاساوی ئەوەی رێككەوتنەكە بەس نییە بۆ راگرتنی چالاكییەكانی ئەتۆمی ئێران و ھەروەھا "چالاكییەكانی لە لەقكردنی سەقامگیری" رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ترەمپ دیسان سزای بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندەوە، كە پێشتر ھەڵگیرابوون بەرامبەر بە پابەندییەكانی ئەتۆمی ئێران، ئەمەش ئێرانی پاڵدا بەرەو دەرچوون لەو پابەندییانەی.

بایدن بەڵێنی گەڕانەوەی بۆ نێو رێككەوتنەكە دا بەو مەرجەی ئێران یەكەم جار پابەندییەكانی جێبەجێبكات، بەڵام سەركردە ئێرانییەكان، یەكشەممە دووبارەیان كردەوە، دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكان دەستپێشخەری ھەڵگرتنی سزاكان بكات پێش ئەوەی خۆیان جارێكی دیكە پابەند بكەنەوە بەو كۆتوبەندانەی ریككەوتنەكە بەسەر بەرنامەی ئەتۆمییاندا سەپاندووە.

سەرچاوە: "فرانس پرێس"
k24 -
Top