بەرپرسێكی ئەمەریكایی: لەوانەیە چالاكییە پیتاندنەكانی ئێران رێگربن لە بەردەم رێككەوتنێكی نوێ
بەرپرسەكە گوتی: ئیدارەی بایدن، ئێستا ھەوڵ دەدات بگاتە رێككەوتنێكی ناوخۆی لە بارەی چۆنییەتی مامەڵەكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.
ئاماژەشیكرد، ئیدارەی بایدن بەڕاستی "ھێڵە سەرەتاییەكانی شەڕی دژ بە ئێران داناوە"، بەبێ ئەوەی باسی زیاتر بكات.
لە كاتێكدا جیھان چاوی بڕیوەتە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا، كە خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ نێو رێككەتنەكە ئامادە دەكات؛ بەو مەرجەی ئێران پێشوەختە گشت پێشێلكارییەكانی بۆ رێككەوتنەكە راگرێت. كەچی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جواد زەریف، داوای لە واشنتن كرد پەلە بكات لە گەڕانەوە بۆ ناو رێككەوتنەكە. ئاماژەشیكرد، پەرلەمانی ئێران، پەسندی یاسایەكی كردووە و حكومەتی پابەندكردووە بە توندكردنی ھەڵوێستی ئەتۆمی خۆی، ئەگەر تا 21ی ئەم مانگە واشنتن سزاكانی سەر ئێران سووك نەكات.
زەریف ئاماژەشیكرد، لەوانەیە ھەڵبژاردنەكانی ئێران لە مانگی حوزەیرانی داھاتوو كاریگەری بكەنە سەر رێككەوتنەكە، ئەگەر سەرۆكێكی پارێزگاری توندڕەو ھەڵبژێردرا، كە لەوانەیە رێككەوتنەكە بەشێوەیەكی زۆر شكست پێ بێنێت.
ھەروەھا وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "ھمشھری"دا، كە رۆژی شەممەی رابردوو بڵاوكرایەوە، گوتی: "كات لە بەردەم ئەمەریكاییەكان خەریكە تەواو دەبێت، بەھۆی یاسای پەرلەمان و ھەروەھا بەھۆی كەشی ھەڵبژاردنەكان، كە لەدوای سەری ساڵی نوێی ئێرانییەوە دەستپێدەكات".
k24 -
