چەند پێشنیازێکی تایبەت بە کورد دەدرێنە ئیدارەی بایدن
بەشێکی سەرەکی راپۆرتەکە پەیوەندی بە عێراق، ئێران، تورکیا، سووریا و کوردەوە هەیە، بەتایبەتی پێویستی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پەرەدان بە دیالۆگی کوردی- کوردی رۆژئاوای کوردستان.
سیاسەتی ئەمریکا و عێراق
ئەوەی کە پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، راپۆرتەکە دەڵێت، دوو ئاستەنگی گەورەی بەردەم ئیدارەی ترەمپ بریتیبوون لە شەڕی داعش و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی ئێران.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2018دا ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە و لە نیسانی 2019یشدا هەوڵیدا هەناردەی نەوتی ئێران بە تەواوی رابگرێت، تاران دەستی بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی هێرش و تووندوتیژی کرد، ئەوەش لە رێگەی هێرشی مووشەکیی "میلیشیاکانی نزیک لە ئێران"ی سەر بە حەشدی شەعبییەوە دژی سەربازانی ئەمریکی.
راپۆرتەکە بە کورتی باس لە رووداوەکانی دیکەی دوو ساڵی رابردووی عێراق دەکات و دواتر ژمارەیەک پێشنیاز دەداتە ئیدارەی بایدن لە بارەی عێراق.
یەکەم: تێگەیشتنێکی نوێی هاوبەش بۆ مانەوەی ژمارەیەکی کەم سەربازی ئەمریکی لە عێراق
هێزەکانی نزیک لە ئێران گوشارێکی گەورەیان دروستکردووە و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی پێویستی بە پاڵپشتیی سەربازییانەی ئەمریکایە بۆ شەڕی دژی داعش و بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی. کازمی سەرکۆنەی هێرشەکانیشی بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە کە بەرپرسیارێتیی عێراقە بیانپارێزێت. هەربۆیە دەبێت ئیدارەی بایدن سوود لە ویستی کازمی بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق وەربگرێت. گرنگە ژمارەیەکی کەم سەربازی ئەمریکا لەو وڵاتە بمێننەوە بە مەبەستی بەردەوامیدان بە شەڕی دژی داعش و رووبەڕووبوونەوەی ئێران، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی سووریا.
دووەم: بوژاندنەوەی ئابووریی عێراق
دابەزینی نرخی نەوت، کۆرۆنا و گەندەڵی وایکردووە عێراق بگاتە قۆناخێک کە ئەگەری ئەوەی هەبێت رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری ببێتەوە. ئەمریکا بە چەند رێگەیەک دەتوانێت یارمەتی عێراق بدات و لە هەمان کاتیشدا رووبەڕووی پێگەی ئێران ببێتەوە. هەندێک لەو رێگەیانە کازمی پاڵپشتیی تەواویان دەکات و دەبێت جێبەجێبکرێن، لەوانەش رێککەوتنی گەورەی عێراق و کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ بایەخدان بە کەرتی کارەبا و گازی سرووشتیی عێراق و لەو رێگەیەوەش پشتبەستنی بەغدا بە گازی سرووشتی و کارەبای ئێران کۆتاییدێت. هەروەها دەبێت ئەمریکا هانی وڵاتانی کەنداو بدات بۆئەوەی لە کەرتی نەوت و گازی عێراقدا وەبەرهێنان بکەن. پاشان، پێویستە ئەمریکا پاڵپشتی لە رێککەوتنی نێوان سندووقی نەختی نێودەوڵەتی و عێراق بکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، بەڵام بەو مەرجەی حکومەتی عێراق چاکسازی لە بواری ئابوورییدا بکات، چونکە گەورترین سوودمەندی گەندەڵی عێراق بریتییە لە ئێران و هێزە نزیکەکانی.
سێیەم: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێگەیەکی گرنگی سیاسی لە عێراق و جیهاندا هەیە و دەبێت کاربکات بۆئەوەی عێراق ببێتە وڵاتێکی خاوەن سەروەری و سەربەخۆ. پێویستە ئەمریکا هانی هێزە میانڕەوەکانی نێو پەرلەمان بدات بۆئەوەی پاڵپشتی لە چاکسازییە ئابوورییەکانی کازمی بکات. گرنگە ئەمریکا هانی ئەو هێزانەی پەرلەمان بدات بۆئەوەی پاڵپشتی لە ویستی کازمی بۆ مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق بکەن و پشتگیری لە داواکارییەکەی سەرۆکوەزیرانیش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەن. دەبێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پاڵپشتی لە رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد و یاسایی لەو وڵاتەدا بکەن.
چوارەم: گوشارخستنەسەر هێزەکانی نزیک لە ئێران
پێویستە ئەمریکا هاوئاهەنگییەکی زۆری لەگەڵ حکومەتی عێراق و هاوپەیمانە بیانییەکانی هەبێت و ئامادەش بێت بۆ سزادانی ژمارەیەکی بەرچاو لە کاراکتەرەکانی عێراق، ئیدی هەر لە بەرپرسانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە بەرپرسانی باڵای سیاسی و بەرپرسانی پێشوو کە لە گەندەڵی، پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ، تیرۆر و لاوازکردنی بواری ئاسایشی عێراق تێوەگلاون.
پێویستە کاری لەپێشینەی ئەمریکا پاڵپشتیکردن لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە جیدییەکانی سەر سەربازانی ئەمریکا، بەڵام دەبێت ئامادەش بێت بۆئەوەی تاکلایەنانە هەنگاوبنێت، ئەگەر هاتوو حکومەتی عێراق ئامادەنەبوو یان نەیتوانی ئەو کارە بکات.
ئەوەی کە پەیوەندی بە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە هەیە، پەیمانگەکە ژمارەیەک پێشنیاز دەداتە ئیدارەی بایدن.
یەکەم: مانەوەی سەربازان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، بەڵام ئۆپەراسیۆنی کاریگەر لە سووریا پشت بەوە دەبەستێت سوپای ئەمریکا لە عێراقیش هەبێت.
دووەم: بەردەوامیدان بە پاڵپشتیکردن لە هەسەدە و راهێنانکردن بە شەڕڤانانان، چونکە هەسەدە هاوپەیمانێکی بەتوانایە و هێزێکی گرنگە لە ناوچەکەدا.
سێیەم: گوشارخستنەسەر ئەسەد لە بواری ئابوورییەوە و درێژەدان بە جێبەجێکردنی سزاکانی قەیسەر.
چوارەم: هۆشداریدان بە وڵاتانی عەرەبی بۆئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا ئاسایی نەکەنەوە.
پێنجەم: زیادکردنی یارمەتی مرۆیی بۆ سووریا و گوشارخستنەسەر رووسیا و چین لە لایەن کۆمەکبەخشەکانەوە بۆئەوەی رێگری نەکەن لە گەیاندنی یارمەتی بۆ ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی سووریا.
شەشەم: دژایەتیکردنی هەنگاوەکانی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی سووریا لەکاتێكدا ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەو وڵاتە درێژەی هەیە.
حەوتەم: یارمەتیدانی دەسەڵاتی لۆکاڵی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ پەرەدان بە سەرچاوە وزەییەکانی ناوچەکە بەشێوەیەکی روون.
هەشتەم: رێگەگرتن لە ئەردۆغان لە ئەنجامدانی کاری شەڕەنگێزی دژی کوردانی رۆژئاوای کوردستان. ئەگەر سوپای تورکیا یان هێزە نزیکەکانی بەردەوامبوون لە مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ هاووڵاتیانی سڤیل، دەبێت ئیدارەی بایدن سزا بەسەر بەرپرسانی باڵای سەربازی و سیاسییدا بسەپێنێت.
نۆیەم: دەبێت ئیدارەی بایدن گوشاربخاتە سەر حکومەتی ئەسەد بۆئەوەی زانیاری لەبارەی ئەو هاووڵاتیانە رابگەیێنێت کە لە سووریا بێسەروشوێن بوون.
دەیەم: دەبێت مافی سووریا لەناو رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیاییدا رابگرێت.
یازدەیەم: پێویستە ئیدارەی بایدن بەردەوام بێت لە دووپاتکردنەوەی ئەو هێڵە سوورەی بۆ دیمەشق دانراوە لە بواری چەکی کیمیاییدا. دەکرێت ئەسەد هەوڵبدات پابەندبوونی ئیدارەی نوێ تاقیبکاتەوە و چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت، بەڵام لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا پێویستە ئەمریکا هێزی ئاسمانی و توانای هێرشبردنی ئەو وڵاتە وێرانبکات.
ئەوەی کە پەیوەندی بە مامەڵەی ئیدارەی بایدنەوە لەگەڵ تورکیا هەیە، پەیمانگەی "دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسی" هەندێک پێشنیاز دەداتە بەرپرسانی ئەم ئیدارە نوێیەی ئەمریکا.
یەکەم: دەبێت ئیدارەی بایدن پاڵپشتی لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا بکات. ئێستا ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک لە تورکیادا هەیە کە توانی لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییدا سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت.
دووەم: پێویستە ئیدارەی نوێی ئەمریکا گوشار لە ئەنقەرە بکات بۆئەوەی واز لە سیستمی ئێس 400ی رووسی بهێنێت و جێگرەوەی بۆ بدۆزێتەوە.
سێیەم: دەبێت ئەمریکا هانی تورکیا بدات بۆئەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورددا دەستپێبکاتەوە. پێویستە ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانی کاربکات بۆئەوەی گوشاربخەنە سەر ئەنقەرە و پەکەکە و هێزەکانی نزیک لە پەکەکە بۆئەوەی کارئاسانی بکەن تاوەکو پڕۆسەی ئاشتی لەناو تورکیا دەستپێبکاتەوە.
چوارەم: پێویستە واشنتن کارئاسانی بکات بۆئەوەی گفتوگۆی زیاتر لەنێوان پەیەدە و ئەنەکەسەی نزیک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، کە ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی متمانە لەگەڵ ئەنقەرە. کارێکی لەو جۆرە یارمەتیدەر دەبێت بۆئەوەی هەسەدە سەرنجی لەسەر داعش بمێنێتەوە و دەبێتە هۆکارێکیش بۆئەوەی ئەردۆغان لە ئەسەد نزیک نەبێتەوە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی کوردی رۆژئاوای کوردستان.
ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرێکیش دەبێت بۆئەوەی هاوئاهەنگی دیپلۆماسی و سەربازی تورکیا لەگەڵ رووسیا لە سووریا گۆڕانی بەسەردا بێت.
بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە تایبەتە بە ئێران و پەیمانگەکە ژمارەیەک پێشنیاز دەداتە ئیدارەی بایدن سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا، لەوانەش
یەکەم: نابێت سزاکانی سەر ئێران سووک بکرێن تاوەکو رێککەوتنێکی گشتگیر نەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پێویستە ئەو رێککەوتنە نوێیە بابەتی توانا ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران یەکلابکاتەوە.
دووەم: پێویستە ئەمریکا درێژە بە هەوڵەکانی بدات بۆئەوەی رێگە نەدات چەکی ئێران بگاتە عێراق، یەمەن و سووریا.
سێیەم: دەبێت ئەمریکا پاڵپشتی لە پڕۆسەی دیموکراسی لە ئێراندا بکات و بابەتی مافی مرۆڤ بکاتە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی دانوستاندن بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر.
چوارەم: پێویستە ئیدارەی بایدن دڵنیایی بدات لەوەی بژاردەی سەربازییشی هەیە، لەوانەش بۆ رێگەنەدان لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
پەیمانگەکە لە ساڵی 2001 و دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر دامەزرا و دەڵێت، ئەرکە سەرەکییەکەی بریتییە لە بەهێزکردنی ئاسایشی ئەمریکا و کەمکردنەوەی و نەهێشتنی هەڕەشەکانی سەر ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئازادە.
rudaw -
