یەکەم پەیامی ترەمپ لەدوای دوورخرانەوەی لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان

یەکەم پەیامی ترەمپ لەدوای دوورخرانەوەی لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە پەیامێکەوە گەڕایەوە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان ودەڵێت ئەو تۆمەتانەی لەلایەن کۆنگرێسەوە دەدرێنە پاڵی هیچ بنەمایەکیان نییە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی 45ـەمینی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی گاب کە لەلایەن باڵی راستی ئەمریکاوە لە بری تویتەر بەکاردەهێنرێت، دەڵێت وەکو هاووڵاتییەکی ئاسایی ئەمریکا ئەو پەیامە دەگەیەنم کە هیچ بەڵگەیەک نییە ئەو تۆمەتانە بسەلمێنێت کە لەسەر هاندانی خەڵک بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا دراونەتە پاڵ ئەو.

ترەمپ دەڵێت، بەکارهێنانی دەستوور بە تۆمەتێکی هەڵبەستراو بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆک زۆر جیددیترە لەوەی یاریی پێبکەن.

لە یەکەم پۆستیدا لەوەتەی لە 8ـی کانوونی دووەمی 2021ـەوە لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان دوور خراوەتەوە، ترەمپ وەڵامی ژنە ئەندامێکی کۆنگرێس بە ناوی جامی راسکین دەداتەوە کە ترەمپ بانگهێشت دەکات لە پرۆسەی لێپرسینەوەی لەسەر هاندانی خەڵک بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادەبێت.

جەیسن میلەر، راوێژکاری ترەمپ هەفتەی رابردوو رەتی کردەوە ترەمپ لە کۆنگرێس ئامادە بێت.

بڕیارە 9ی شوباتی 2021 ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ لێپرسینەوە لە ترەمپ کۆببێتەوە. راگەیێندراوەکەی جامی راسکین دەڵێت، کاتێک لێپرسینەوە لە هەریەک لە سەرۆکەکانی پێشوو، جێرالد فۆرد و بیڵ کلێنتن، کرا هەردووکیان لە دەسەڵات بوون و ئامادەی شایەتیدان بوون." ئەو دەڵێت، "داوا لە بەڕێزتان دەکەین ئامادەی شایەتیدان بن."

لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021ـدا لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا، ویستیان پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەڵبژێردراو، جۆ بایدن، وەکو 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا بشێوێنن.

هەردوو کۆماری و دیموکراتەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە ئەو خەڵکەی هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە هاندراون.

لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا پرۆژەی لێپرسینەوە بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕێنرا و چاوەڕێ دەکرێت لە ئەنجوومەنی پیران زۆرینەی کۆمارییەکان ترەمپ بە بەرپرسی بەو رووداوانەی 6ی کانوونی دووەم بزانن، بەڵام لەوانەیە دەنگ بۆ دادگاییکردنی نەدەن.

rudaw -
Top