حەسەن ڕۆحانی: ئەم هەفتەیە پێکوتەی کۆرۆنا لە ئێران بەکار دەهێندرێت
سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش داوە کە یەکەم کاروانی پێکوتەی کۆرۆنای رووسی گەیشتووەتە ئێران و بۆ ١٠ هەزار کەسە و لە قۆناغی یەکەمدا کارمەندانی تەندروستی و ئەو کەسانەی باری تەندروستییان ناجێگیرە پێکوتەکەیان بۆ بەکار دەهێندرێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم مانگە ئەو ١٠ هەزار ژەمەی کۆرۆنا گەیشتووەتە دەستمان و بڕیارە مانگی داهاتووش ژمی دیکەی بگاتە دەستمان.
حەسەن ڕۆحانی ڕاشی گەیاندووە هەتا سەرەتای هاوین پێکوتەی بەرهەمی خودی ئێرانیش ئامادە دەبێت.
پێشتر بەرپرسانی باڵای ئێران و بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە لەبارەی کڕینی پێکوتەکە پێکەوە دژایەتییان هەبووە و هەندێک لە بەرپرسانی بڕوایان بە کڕینی پێکوتە نێودەوڵەتییەکان نەبووە و هەندێكیش لەو باوەڕەدا بوون کە پێکوتە ئێرانییەکە جێگەی متمانە نییە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران کە دوێنێ هەینی بڵاوی کردووەتەوە، دوێنێ حەوت هەزار و ٦١ کەسی دیکە لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون و سەرجەم تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٤٥٢ هەزار و ٣٨٧ کەس.
هاوکات هەر دوێنێ هەینی ٨٠ کەسی دیکە لە ئێران بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و بەگشتی هەتا ئێستا لەو وڵاتە ٥٨ هەزار و ٣٣٦ کەس بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران تاکوو ئێستاش یەک ملیۆن و ٢٤١ هەزار و ٣٢٠ تووشبووی کۆرۆنا چاک بوونەتەوە و هاوکات سێ هەزارە و ٨١٩ کەس لە تووشبوان دۆخیان ناجێگیرە لەژێر چاودێریی چڕدان.
باسنيوز
