پێنتاگۆن: پێداچوونەوە بە ھەبوونی سەربازیمان لە ناوچەكە دەكەین

پێنتاگۆن: پێداچوونەوە بە ھەبوونی سەربازیمان لە ناوچەكە دەكەین
وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پێنتاگۆن" جەختیكردەوە لەوەی "لە نزیكەوە چاودێری ئەو ھەڕەشانە دەكەن، كە ئێران لە سەر ناوچەكەدا درووستی دەكات، ھەرچەندە لەم دواییەدا واشنتن فڕۆكەھەڵگری "نیمیتز"ی خۆی لە ناوچەكە كشاندووتەوە".

گوتەبێژ بەناوی پێنتاگۆن، "جۆن كێربی" لە چاوپێكەوتنێكدا گوتی: "واباوە وەزارەتی بەرگری ئامێرە سەربازییە دەریاییەكانی بڵاوبكاتەوە، بەڵام ئێمە بنەچە دەریاییەكانی خۆمان ھەیە بۆ بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانمان و جێبەجێكردنی پێداویستییەكانی خۆمان و پێداویستییەكانی ئەمنی ھاوپەیمانانمان" لە ناوچەكەدا.

"قەبارەی ھەڕەشەكانی ئێران دەزانین"

ئەم پێشھاتانە ھاوكاتن لەگەڵ لێدوانەكانی ئیدارەی جۆ بایدن، لە جەختیكردنەوە لەوەی نیازی گەڕانەوەی ھەیە بۆ نێو رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، كە ئیدارەی پێشوو بە سەركردایەتی، دۆناڵد ترەمپ یەك لایەنە لە ساڵی (2018) لێی كشایەوە.

كێربی جەختیكردەوە لەوەی ھەبوونی سەربازی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، "پشتیوان دەبێت بۆ ئەو دیپلۆماسیەتەی" ئیدارەی بایدن دەیگرێتەبەر.

كێربی گوتی: "ئێمە قەبارەی ھەڕەشەكانی ئێران دەزانین و ئێستا پێداچوونەوە بەھەڵسانگاندنی ھەبوونی سەربازیمان لە ناوچەكەدا دەكەین، ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ جەنەڕاڵ ماكینزی، فەرمانداری فەرماندەیی ناوەڕاست، سەبارەت بەو توانایانە".

وێڕای كشاندنەوەی نیمینتز، ویلایەتە یەكگرووەكان فڕۆكە مووشەكھاوێژەكانی بی-52ی وێرانەكەری لە ناوچەكە ھێشتووەتەوە.

"میلیشیان عێراقییەكان سەرچاوەی نیگەرانین"

ئاشكرایە ھەژموونی ئێران لە ژمارەیەك وڵاتانی ناوچەكەدا ھەیە بەتایبەتی لە عێراق.

گوتەبێژ بەناوی پێنتاگۆن، جۆن كێربی گوتی: وڵاتەكەی دەزانێت میلیشیاكانی عێراق چ ھەڕەشەیەكیان لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا ھەیە لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا".

گوتیشی: ھێزەكانمان لە عێراقن لەسەر داوای حكومەتی بەغدا بۆ ھاریكاریكردنی ھێزەكانی عێراقی بۆ راونانی داعش، بەڵام میلیشیاكان سەرچاوەی نیگەرانین، بەھۆی ھێرشەكانیان بۆ سەر ھێزەكان و ژێرخانی ئەمەریكایی و ھێزەكانیشمان مافی بەرگریكردنیان لە خۆ ھەیە".

كێربی، دانینا بە باشبوونی تواناكانی ھێزەكانی عێراقی لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ داعش لە ساڵی (2014)، جەختیشیكردەوە لەوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش "كارێكی ھاوبەشە".

ئاماژەیكرد، كاری دووبارە بڵاوكردنەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق "بەڕاوێژ لەگەڵ سەركردە سەربازی و ناوچەییەكان دەكرێت، ھەڵبەتە لەگەڵ دەوڵەتی میواندار"، واتە عێراق.

"تا ھەڕەشە ھەبێت"

گوتەبێژ بەناوی پێنتاگۆن گوتی: تا ھەڕەشەی داعش ھەبێت، ھەبوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا بەردەوام دەبێت.

گوتیشی: "ھەبوونمان لەسووریا بچووكە و جەخت لەسەر راونانی داعش دەكاتەوە بەپشتیوانی ھەسەدە، لەم ساڵانەی رابردوودا ھەڕەشەی داعش زۆر كەمبووەتەوە، بەڵام ھێشتا ھەر ھەیە و تا پێویستیمان بە رووبەڕووبوونەوەی بێت، ئەوە بەردەوام دەبین".

گەورەترین كارەسات لە سەردەمی نوێدا

كێربی لە دیدارەكەیدا باسی گرێبەستەكانی چەك كرد، ئەوانەی ئیدارەی پێشوو لەگەڵ ئیمارات و سعوودییە ئەنجامی دابوون.

كێربی ھەڵپەساردنی ئەو گرێبەستانەی بەستەوە بەوەی لە یەمەن روودەدات، سعوودیە و ئێمارات سەركردایەتی ھاوپەیمانییەتیەك دەكەن دژ بە حوسییەكان، كە كودەتایان دژ بە حكومەتی یاسایی لەو وڵاتە ئەنجامدا.

كێربی گوتی: "ئەوەی لە یەمەن روودەدات گەورەترین كارەساتی مرۆڤایەتییە لە سەردەمی نوێدا.. ئایا ھاریكارییەكانمان پەیوەستن بە ئاسایشی نەتەوەییمان و بەھاكانمان؟ ئەم بابەتە ھەڵدەسەنگێنین و چاوێكی پێدا دەخشێنین".

" كۆتاییەكی بەرپرسیارانەمان دەوێت"

گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا، جۆن كێربی دووپاتی پابەندبوونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی كردەوە بۆ چارەسەركردنێكی ئاشتیانەی تەنگژەی ئەفغانستان، بەبێ ئەوەی جەخت لەسەر كشانەوەی ھێزەكان بكاتەوە لەو وڵاتە لە ئەیاری داھاتوودا، بەپێی ئەو رێككەتنەی ئیدارەی سەرۆكی پێشوو، ترەمپ ئەنجامی دابوو.

كێربی گوتی: "ھێشتا ھیچ بڕیاریكمان نەداوە لە بارەی ھێزەكانمان لە ئەفغانستان، واتە دووبارە جیگیركردنەوەی ھێزەكان لەسەر بنەمای دۆخ و بە راوێژ لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان و ھاوپەیمانانمان لە ناتۆ دەبێت".

گوتیشی: "پێداچوونەوەی بە رێككەوتنەكە دەكەین، بۆ ئەوەی زیاتر لێی تێبگەین و بزانین چەند جێبەجێكراوە. كۆتاییەكی بەرپرسانەمان بۆ ئەو شەڕە دەوێت بەڕێگای چارەسەركردنێكی سیاسی، كە حكومەتی ئەفغانستان و ئاگربەستی بەردەوام بگرێتە خۆی.

سه‌رچاوه‌: الحرة
k24 -
Top