خانمی یەکەمی ئەمریکا سەبەتەیەک سەوزە بۆ میشێل ئۆباما دەنێرێت

خانمی یەکەمی ئەمریکا سەبەتەیەک سەوزە بۆ میشێل ئۆباما دەنێرێت
خانمی یەکەمی ئەمریکا، سەبەتەیەک سەوزەی بۆ خانمی یەکەمی پێشووتری ئەمریکا نارد. سەوزەکانی نێو سەبەتەکەش لەو باخچەیە کۆکراونەتەوە کە ساڵی 2009 میشێل ئۆباما لە ماوەی سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامای هاوژینیدا لە کۆشکی سپی چاندبوونی.

میشێل ئۆباما، خانمی یەکەمی پێشووتری ئەمریکا لە ئینستاگرام وێنەی سەبەتەکەی هاوپێچکردووە و نووسیویەتی "زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەم سەبەتەیە کە لەلایەن خانمی ناوازەی یەکەممانەوە بۆم هاتووە. ئەم سەوزە تازانەی باخچەی چێشتخانەی کۆشکی سپی، خۆش و سوپرایزێکی جوان بوون. تۆم خۆشدەوێت جیڵ".

جیڵ بایدن، خانمی یەکەمی ئەمریکا لە ماوەی سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامادا، خانمی دووەمی ئەمریکا بوو.

هەروەک چۆن جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستا و باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا نزیکی یەکدین، هاوژینەکانیشیان هاوڕێیەتییەکی بەهێز کۆیان دەکاتەوە.

رۆژی 20ی مانگی رابردوو، باراک ئۆباما و هاوژینەکەی بەشدارییان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆ بایدندا کرد. لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، میشێل ئۆباما لە پۆستێکدا بەرگری لە جیڵ بایدن کرد، کاتێک کە لە گوتارێکی رۆژنامەڤانیدا گومان خرابووە سەر نازناوی دکتۆراکەی.

میشێل لەبارەی جیڵ بایدن دەڵێت، "دکتۆر بایدن نمونەیەکی باشترمان پێدەدات. لەبەر ئەوەشە هەستێکی زۆر بەهێزم هەیە کە خانمێکی یەکەمی باشتر لەومان دەستناکەوێت. ئەو دەبێتە نموونەیەک نەک تەنیا بۆ کچە گەنجەکان، بەڵکو بۆ هەموومان".
rudaw -
Top