دادگایەکی بەلجیکا دیپلۆماتێکی ئێرانیی بە 20 ساڵ بەندکردن سزا دا

دادگایەکی بەلجیکا دیپلۆماتێکی ئێرانیی بە 20 ساڵ بەندکردن سزا دا
دادگایەک لە بەلجیکا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی دیپلۆماتێکی بەندکراوی ئێرانیی لەو وڵاتە دا و حوکمی 20 ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکردووە.

ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لەمبارەوە لەزاری داواکاری گشتیی شاری (ئانت ورپ)ی بەلجیکا بڵاوی کردووەتەوە ئەسەدوڵا ئەسەدی دیپلۆماتکارێکی ئێرانی لەو وڵاتە حوکمی 20 ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.

ڕۆیتەرز ئەوەشی ئاشکرا کردووە کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکە سەرقاڵی کردەوەی تیرۆریستییە، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەورووپی، بەڵام ئەمە یەکەم جارە بەرپرسێکی فەرمیی حکوومەتی ئێران لە دادگایەکی ئەورووپی بە تاوانی تیرۆر دادگایی دەکرێت و حوکم دەدرێت.

ئەسەدوڵا ئەسەدی، دیپلۆماتی ئێرانیی دانیشتووی نەمسا، بە تۆمەتی دەستێدان لە دانانەوەی بۆمب لە کۆبوونەوەیەکی (ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق) لە مانگی 6ی ساڵی 2018 لە پاریس، ماوەیەک لەمەوبەر لە ئەڵمانیا دەستگیر کراوە.

لەو دۆسیەدا سێ تۆمەتباری دیکە بەناوەکانی "ئەمیر سەعدوونی، نەسیمە نەعامی و مێهرداد عارفانی" هەبوون کە هەر سێکیان لەلایەن هەمان دادگاوە لە 15 ساڵەوە تا 18 ساڵ زیندانی حوکم دراون و مافی هاووڵاتیی بەلجیکایان لێ سەندراوەتەوە.

پۆلیسی بەلجیکا ساڵی 2018 ڕای گەیاند کە کۆمەڵێک مادەی تەقینەوەی پووچەڵ کردووەتەوە کە تۆمەتباران بەتەما بوون بیگوازنەوە بۆ فەڕەنسا.

بڕیار بوو ساڵی 2018 لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی ڕیکخراوی موجاهدینی خەلق (پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران) کۆمەڵێک سەرکردەی ناسراوی وڵاتانی ئەورووپی و هاوکات ڕوودی جوولیانی، پارێزەری پێشووی دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری پێشووی ئەمریکاش بەشداری بکەن، کە پۆلیسی فەڕەنسا ئەوکاتە بڵاوی کردەوە پێشیان بە کردەوەیەکی تیرۆریستی لەو کۆبوونەوەیە گرتووە.

حکوومەتی فەڕەنسا مانگی ئۆکتۆبەری پار وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانی بە داڕێژەری پیلان و تەقینەوە لەناو ئەو کۆبوونەوەیە تۆمەتبار کرد.

هەرچەند حکوومەتی ئێران و پارێزەرانی ئەسەدوڵا ئەسەدی ڕایان گەیاندووە، بەهۆی پارێزبەندیی دیپلۆماسیی دادگا دەسەڵاتی ئەوەی نییە دادگایی بکات.

سەرەڕای ئەوەی کە ئەو تۆمەتانە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕەت کرانەوە، بەڵام دەستگیرکرانی ئەو دیپلۆماتە و ئاشکرابوونی چەند بەڵگەیەک لەدژی ئێران، بوونە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ چەندین وڵاتی وەک بەلجیکا، فەڕەنسا و نەمسا و دانیمارک.










باسنيوز


Top