سعوودیە ڕێگە لە سەدان بارهەڵگری توركیا دەگرێت بچنە ناو خاكەكەی
ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردووە، چەندین مانگە بارهەڵگرەكانی توركیا لەسەر سنووری سعودیە گیریان خواردووە و رێگەیان نادەن داخلی سعوودیە ببن، ئەمەش زیانی سەدان هەزار دۆلاری بە توركیا گەیاندووە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، سعوودیە بە شێوەیەكی نافەرمی بایكۆتی كاڵای توركیای كردووە، هۆكارەشی پاڵپشتیكردنی توركیا بوو لە قەتەر، ئەوکاتەی سعوودیە و ئیمارات و میسر گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر قەتەر.
ئەگەرچی فەیسەل بن فەرهاد وەزیری دەرەوەی سعوودیە رەتی كردەوە ئەوان بایكۆتی كاڵای توركی بكەن و گوتی پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا دۆستانەیە، بەڵام لە كرداردا بایكۆتیان كردووە و بەڵگەش نەهێشتنی چوونە ژوورەوەی سەدان بارهەڵگری توركیایە بۆ خاكی سعوودیە.
شۆفێرانی بارهەڵگر قسەیان بۆ میدیا توركیا كردووە و، دەڵێن ٣ مانگە لیرە ماوینەتەوە و نایەڵن بچینە ناو خاكی سعوودیە، ئەمەش وای كردووە كاڵاكان تێك بچن و بەمەش زیانی هەزاران دۆلار خاوەنی بەر ئەو كاڵایانە دەكەوێت.
رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی بڵاوی كردەوە، لە مانگی یەكی ٢٠٢١ توركیا بە بڕی ١٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار كاڵای هەناردەی سعوودیە كردووە، بەڵام ساڵی پار و بە هەمان شێوەیە لە مانگی یەك، بە بڕی ٢٢١ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار کاڵای هەناردە كردووە.
باسنيوز
