ئەڵمانیا: رەنگە یەکێتی ئەوروپا سزای زیاتر بەسەر روسیا بسەپێنێت
دوای بڕیاری زیندانیکردنی ناڤالنی، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆ دەکەن و سەپاندنی سزای زیاتر بە دورنابینرێن
شتێفن زایبەرت، وتەبێژی ئەنگێلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیا، رۆژی چوارشەممە، رایگەیاند، دوای بڕیاری زیندانیکردنی ناڤالنی، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆ دەکەن و "سەپاندنی سزای زیاتر بە دورنابینرێن".
زیندانیکردنی ئەو سەرکردەیەی ئۆپۆزسیۆن زۆر دورە لە بنەما دەستورییەکان
شتێفن زایبەرت جەختی لە داواکەی ئەنگێلا مێرکل بۆ ئازادکردنی ناڤالنی کردەوە و وتی زیندانیکردنی ئەو سەرکردەیەی ئۆپۆزسیۆن"زۆر دورە لە بنەما دەستورییەکان."
ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا داوا لە روسیا دەکەن بە زوترین کات ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە ئازادبکات، مۆسکۆش سەرکۆنەی ئەو داواکاریانە دەکات و بە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی روسیا ناوی دەبات.
ئەمڕۆ دادگای مۆسکۆ رایگەیاند، لەسەر بنەمای پێشێلکردنی بڕگەکانی تایبەت بە کەیسی پێشوی ناڤالنی کە بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە، بڕیاردرا بە سزادانی ناڤالنی بە دو ساڵ و شەش مانگ زیندانی کە دەبێت هەموی لەنێو زیندان بەسەرببات.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا بەردەوامە لە پشتگیریکردنی پڕۆژەی "نۆرد ستریم دو" کە گازی سروشتیی روسیا بۆ ئەو ئەندامەی یەکێتیی ئەوروپا دەگوازێتەوە.
نۆرد ستریم دو پرۆژەیەکی 11 ملیار دۆلارییە کە پێکدێت لە بۆریێکی گواستنەوەی گازی سروشتیی روسیا لەژێر دەریای باڵتیکەوە و چاوەڕێدەکرێت هەناردەی ئەو سوتەمەنیە بۆ ئەڵمانیا دو هێندە زیادبکات.
لەسەر ئەو پرۆژەیە، ئەمریکا ناکۆکی لەگەڵ ئەڵمانیا هەبوە، بە تایبەتیش لە ماوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە بە سەختی پشتیوانی لە بەبازاڕکردنی گازی سروشتیی ئەمریکی دەکرد و بەتوندی رەخنەی لە وڵاتە ئەوروپییەکان دەگرت لە بەرامبەر پشتبەستنیان بە وزەی روسیا.
خەندان
