20 ساڵە هێندەی سەردەمی کۆرۆنا خەڵک بە خواردنەوەی کهولی نەمردووە

20 ساڵە هێندەی سەردەمی کۆرۆنا خەڵک بە خواردنەوەی کهولی نەمردووە
ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی خواردنەوە کهولییەکانەوە لە ئینگلتەرا و وەیڵز گیانیان لەدەستداوە لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2020 ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە.

بەپێی ئامارەکان، لەنێوان مانگی کانوونی دووەم تاوەکو ئەیلوولی ساڵی رابردوو، پێنج هەزار و 460 مردن بەهۆی خواردنەوە کهولییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەو ژمارەیەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2019 بە رێژەی 16% زیادیکردووە.

بەرزبوونەوەی ژمارەی مردن بە خواردنەوە کهولییەکان بەشێوەیەکە کە لە ساڵی 2001ەوە ریکۆردی لەو شێوەیە تۆمارنەکراوە. نووسینگەی دەزگای ئاماری بەریتانیا باسی لەوە کردووە، لە هەر 100 هەزار کەسێک لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا 12.8 کەسیان بەهۆی خواردنەوەی کهولییەوە مردوون و تاوەکو مانگی ئەیلوول لەو ئاستەدا ماوەتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا ژمارەی ئەو پیاوانەی کە بەهۆی خواردنەوەی کهولییەوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە دوو هێندەی ژمارەی ئافرەتان بووە.

شارەزایان دەڵێن، پەتای کۆرۆنا کاریگەرییەکی کەمی دەبێت لەسەر کۆکردنەوە و تۆمارکردنی داتاکان، بەڵام روون نییە کە تاوەکو چ راددەیەک هۆکارە بۆ مردنەکان.

بێن هیومبەرستۆن، گوتەبێژی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا رایگەیاند، داتاکانی ئەمڕۆ دەریدەخەن کە لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی 2020دا، ئەو کەسانەی بەهۆی خواردنەوەی کهولییەوە لە ئینگلتەرا و وەیڵز مردوون، ژمارەیان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و رێژەکەش بەراورد بە ساڵی پێشووتر (2019) زیادیکردووە.

بە گوتەی هیومبەرستۆن، هۆکارەکان بۆ ئەمە ناڕوونن و کاتیشی دەوێت بۆئەوەی بەتەواوی تێبگەن لەو کاریگەرییانەی پەتای کۆرۆنا هەیبووە لەسەر ئەو کەسانەی کە مردوون و خواردنەوەی کهولییان خواردووەتەوە.

گرووپی چارەسەری ئالوودەبووانی بەریتانیا دەڵێت، هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە دەیانزانی کە خەڵکێکی زۆر لەوانەی خواردنەوەی کهولی دەخۆنەوە دۆخی تەندروستییان خراپ بووە.

نونۆ ئالبوکرکی، سەرۆکی گرووپی چارەسەری ئالوودەبووانی بەریتانیا دەڵێت "پێویستە ئێمە ئەوەمان لەبیرنەچێت کە ئەوەی قسەی لەبارەوە دەکەین تەنیا ئامار نییە، بەڵکو خەڵکە.. ئەوان دایک، باوک، برا، خوشک، هاوڕێ، هاوکار و دراوسێکانمانن کە بەهۆی کهولەوە گیانیان لەدەستداوە؛ ماددەیەک کە بەشێوەیەکی زۆر بەربڵاو و بەنزیکەیی پاڵپشتیکراو لەم وڵاتەدا رێگەی پێدەدرێت".

لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، بەریتانیا لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی پێنجەم دێت، بەشێوەیەک تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن و 871 هەزار تووشبووی ڤایرۆسەکە تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 109 هەزار تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
Top